ڕژاک: زیلان دەنگێکی گڕکان ئاسا بۆ تێکۆشانی ئازادیی

ناوەندی هەواڵەکان

لە ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی زەینەب کناجی ڕژاک ئەو شەهیدەی بە ڕێزدارییەوە بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، زیلان لەپێناو خاکە داگیرکراو و پارچەبووەکەیدا، گیانی خۆی کرد بە قەڵغان و پەیامێکی دا بە داگیرکەران، هاواری کرد بۆ ئازادیی و وتی: ئەوەی دەستدرێژ بکات بۆ خاکم ناگات بە ئامانج.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی زەینەب کناجی ناسراو بە “زیلان”، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە ساڵڕۆژی ژنە تێکۆشەر زەینەب کناجی، هەموو گیان بەختکردوانی ڕێگای ئازادیی یاد دەکەینەوە، لە مانگی حوزەیرانەدا پۆلێک ژنی شۆڕشگێڕی وەک “شەهید زیلان، سەما یوجە، لەیلا ئاگری، بێریڤان، ڕاپەڕین ئامەد، گوڵان، لەیلا یڵدز” و زۆر ژنانی تری تێکۆشەر خۆنەویستانە هەنگاویان نا و لەپێناو شکۆی خاک و گەلەکەمان گیانی خۆیان بەختکرد.

ڕژاک لە باسی کەسایەتی و خەباتی شەهید زیلاندا وتوویەتی: زیلان دەنگێکی پڕ لە خۆشویستن بۆ ڕێبەرەکەی، گەلەکەی و مرۆڤ و ژیان بوو، دەنگێک بوو کە هاواری کرد بۆ ئازادیی و بێ دەنگی شکاند و وتی: “ئەوەی دەستی درێژکات بۆ خاکم ناگات بە ئامانج”.

ڕژاک دەشڵێت: بۆ گەڕاندنەوەی جەوهەری ژن، زیلان بانگی دا بەگوێی تاریکەشەوی ئەوانەی نکۆڵی لە ژن بوون دەکەن، نیشانیداین ژن بوون ڕێگرنییە لە بڕیار و هەنگاو بۆ تێکۆشانی ئازادیی.

ئەوەش هاتووە، لەپێناو خۆشویستنی مرۆڤ و ژیان، گیانی خۆی بەختکرد، بۆ ئەوەی پەیامێک بدات بە داگیرکاران خۆی کرد بە قەڵغان، زیلان بووە بارانێکی بە لێزمە و پیسییەکانی ڕاماڵی.

ڕژاک ئاماژە بەوە دەکات، چالاکییەکەی شەهید زیلان پەیامی ئەوەی پێداوین، ژیانی ئازاد بە تەمەن درێژی نییە و وتی من بە بەختکردنی گیانم، ژیانی نەمری دەئافرێنم کە شایستەی گەلەکەم بێت.

لە درێژەی پەیامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان هاتووە، هەرکات بێدەنگی و تاریکی باڵی بەسەردا کێشاین دەنگێکی پڕ لە ورەمان پێویستە، ئێستا و لەم کاتەدا، کە داگیرکاران بە ئاشکرا لە شکرکێشی دەکەن بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و تا ئاستی خەوتن و بێهۆشی بێدەنگی هەیە، لە کاتێکدا پێویستە هەر تاکێکی ئەم هەرێمە ببێتە دەنگێکی پڕ لە ئازادیی بۆ ئەو دۆخە.

هەروەها باس لەوەش دەکات، ڕۆژانە ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن و دەسوتێنرێن لە ژێر ناوی نامووس، لەکاتێکدا ناوزەدکردنی جەستەی ژن بە نامووس خۆی لە خۆیدا بێ نامووسییە، چونکە نامووسی هەرە گەورە و داگیرکراو خاکە و ڕوخانی بەهائە خلاقییەکانە.

بۆیە ڕژاک دەڵێت: پێویستە بە تێگەشتنی زیلان بۆ ئازادیی، ژیان و خۆشویستن تێبکۆشین.

ڕژاک دەشڵێت: لە ساڵیادی شەهید زیلاندا داوا لە هەموو ژنان دەکەین، بۆ گەڕانەوەی شکۆی ژن و تێکۆشانی نەتەوەیی و خاکمان یەکڕیزبین، چونکە بە ئازادیی ژن کۆمەڵگە و تەواوی مرۆڤایەتی و ژینگە ئازاد دەبێت، بەپێچەوانەوە و بەبێ ئازادیی ژن، ژیان و شکۆی مرۆڤ وەکو سەهۆڵی بەرخۆرەتاو و پووشێکی سووتاو لەناو دەچێت.

ش. ئـ

Comments are closed.