لەبارەی دانانی بازگەوە دەوڵەتی تورک بە درۆ دەخرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی هەواڵێکی بەشی کوردی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە درۆ دەخرێتەوە، کە ڕایگەیاندبوو سوپای عێراق بازگەی داناوە نەک تورکیا.

لە هەواڵێکدا، بەشی کوردی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە درۆ دەخاتەوە لە بارەی دانانی بازگە و لێپرسینەوە لە هاوڵاتییانی باشووری کوردستان.

دوای ئەوەی کە لە شەوی ٢٢ـی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوام نزیکەی هەزار سەربازی سوپای داگیرکەری تورک بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە لە سنووری ناوچەی بەرواری باڵا بەجێ کران، ئەو سوپایە لەنێوان گوندەکانی ئەو سنوورەدا بازگەی دانا و لێپرسینەوەی لە دانیشتوانی سنوورەکە دەکرد، هەروەها تا ئێستا ١٠ هاوڵاتیی مەدەنی دەستگیرکردووە.

دواتر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، سوپای عێراق بازگەی داناوە نەک سوپای تورکیا.

هەروەها پەیامنێری ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا لە ناوچەی بەرواری باڵا، لە دیمەنێکدا چەند بازگەیەکی سوپای داگیرکەری تورک تۆمار دەکات و پاشان بڵاوی دەکاتەوە، بەمشێوەیەش تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتى تورک جارێکی دیکە بە درۆ خرایەوە.

شایەنی باسە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە لەشکرکێشییەکانی بۆسەر باشووری کوردستان، بە هێنانی سوپایەکی نوێی پڕ چەکەوە ئامانجێتی هێرشێکی داگیرکاریی نوێ بۆ سەر چیای گارە دەستپێبکات و بە تەواوی ناوچەیەکی سەربازیی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی باشووردا دروستبکات.

ب. جـ

Comments are closed.