یەنەکە: ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک لەناو خاکی هەرێم پێشێلکارییە

ناوەندی هەواڵەکان

فراکسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕێگری لێ بکەن.

لە دژی هێرش و داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، چەند ڕۆژێكە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە  لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكە زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە  بە باغ و ڕەزی هاوڵاتییانی ناوچەكە، هەروەها بووەتە مایەی بێزاركردنی هاوڵاتییان.

لە ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی یەنەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پێشێلكارییانەی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عیراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاوڵاتییان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

ئەوەشخراوەتەڕو، بێ دەنگی حكومەتی عیراق و بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێم  لەبەرانبەر ئۆپەراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە پێشێلكردنی سەروەری خاکی عیراق و یاسا و ڕێسا نێودەڵەتییەكانە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتییانی خۆی بەتایبەتی.

یەنەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا عیراق نەیتوانیوە  خۆی بەهێز بكات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە، داواكارن حكومەتی فیدراڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم  ڕێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنها تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری عیراقە.

ب.گ

Comments are closed.