فرانس پرێس: لە هەرێم گۆڕستانێکی فەرامۆشکراوی ژنانی قوربانیی ئەقڵیەتی پیاوسالاریی هەیە

ناوەندی هەواڵەکان

ئاژانسی فرانس پرێس ڕاپۆرتێکی دەربارەی گۆڕستانی ژنانی قوربانیی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی و توندوتیژیی خێزانی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی ١٥ ساڵدا ٢٠٠ ژن، کە تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ٥٠ ساڵدایە لەوگۆڕستانە بەخاک سپێردراون.

ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنانی باشووری کوردستان بڵاو کردووەتەوە، کە لە ئامادەکردنی ڕۆژنامەنووس شوان محەممەدە و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر گۆڕستانی بەناو “ژنانی بێناونیشان”، کە لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی دروستکراوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی ١٥ ساڵدا ٢٠٠ ژن، کە تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ٥٠ ساڵدایە لەو گۆڕستانە بەخاک سپێردراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات، توندوتیژیی و کوشتنی ژنان لە عێراق و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و ژنان بە پاساوی “شەرەف و ئەخلاق”، چالاکبوونیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان پەیوەندییەکی خۆشەویستی دەکوژرێن.

لەبارەی ئارامگاکانی گۆڕستانەکە دەڵێت: کێلی ئارامگاکان ناو یاخود وردەکاری ئەو ژنانەی لەسەر نییە، کە لەوێدا بەخاک سپێردراون، بەشێکیشیان تەنها ژمارەیەک یاخود وشەی “ژیان”یان لەسەر نووسراوە.

ئەوەی ئاشکرا کردووە، سەرجەمی ئەو ژنانەی لەوێدا بەخاک سپێردراون، بە پاساوی “شەرەف” کوژراون، قوربانیی توندوتیژیی و ئەقڵیەتی پیاوسالاریین.

ئاژانسەکە وتەی یەکێک لە گۆڕهەڵکەنەکانی وەرگرتووە بەناوی عوسمان ساڵح کە دەڵێت، “لە ماوەی ١٥ ساڵدا ٢٠٠ ژن، کە تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ٥٠ ساڵدایە لەو گۆڕستانە بەخاک سپێردراون، سەرجەمیشیان یان کوژراون، یاخود خنکێنراو یان سووتێنراون”.

ش. ئـ

Comments are closed.