هێلیکۆپتەرەکانی دەوڵەتی تورک بە ئاسمانی بەرواری باڵادا دەسوڕێنەوە

ناوەندی هەواڵەکان

وێرای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە شەوی ٢٢ـی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر یەک سەربازێکی زۆری بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە ڕەوانەی ناوچەی بەرواری باڵا کرد، لە ئێستاشدا هێلیکۆپتەرەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بە ئاسمانی گوندەکانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.

لە ئێستادا، هێلیکۆپتەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە ئاسمانی گوندەکانی ناوچەی بەرواری باڵای سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆکدا دەسوڕێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە شەوی ٢٢، ٢٣ و ٢٤ـی ئەم مانگە، نزیکەی هەزار سەرباز و زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی ڕەوانەی سنووری شارۆچکەی ئامێدی کرد.

هەروەها ئەو سوپایەی دەوڵەتی تورک لەناو گوندەکانی سنوورەکەدا دەسوڕێنەوە و لە هەندێک ناوچە بازگەیان داناوە و لێپرسینەوە لە دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی ئاژانسی ڕۆژنیوز کەوتووە، سوپای داگیرکەری تورک تا ئێستا ١٠ هاوڵاتییان دەستگیرکردووە.

ئامانج لە ڕەوانەکردنی ئەو سوپا درێژەدانە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و داگیرکردنی چیای گارەیە، کە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک پێکەوە دەبەستێتەوە.

شایەنی باسە، سوپای داگیرکەری تورک و هێلیکۆپتەرەکانیان بە ئاشکرا بە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و پەدەکەش بە هەموو توانایەکییەوە هاوکاریی پێشکەش بەو سوپایە دەکات.

تا ئێستاش نە حکومەتی ناوەند و نە ماوەبەسەرچووی هەرێم بە هیچ جۆرێك هەڵوێستیان لە دژی ئەو لەشکرکێشییە نەنواندووە و بە بەرچاویانەوە سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکرێت و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگیردرێت.

ب. جـ

Comments are closed.