مامۆستایانی زانکۆ: لەگەڵ گەشەکردنی، مەترسی زۆریش لەسەر زمانی كوردی هەیە

هەڵەبجە

مامۆستایانی زانكۆ باس لەوە دەكەن زمانی كوردی لەئێستادا لەقۆناغێكی باش و گەشەكردنی بەرچاودایە، بەڵام مەترسی زۆریش لەسەر زمانی کوردی هەیە و پێویستە کاری جدیی بکرێت بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە، دەشڵێن: زمانی كوردی ئێستا لەئاستێكی زۆر باشدایە، هەنگاوی گەورەی ناوە خزمەتی باشكراوە، بەڵام مەترسیش هەیە لەسەری، ئەو مەترسیانەش بەشێكی پەیوەندی بەو لێشاوە تەكنەلۆژیایەوە هەیە هەموو زمانەكانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.

زمان یەکێکە لە پایە هەرە بەهێزەکانى هەر نەتەوەیەک و مانەوەشی بەندە بە زمانەکەیەوە، چونکە لە مێژوود زۆر نەتەوە هەیە خۆیان و زمانەکانیان توانەتەوە و نەماون یان ماون و زمانەکەیان تواوەتەوە لە بۆتەى زمانی دیکەدا، زمانی کوردیی بەهۆی دەوڵەمەندی و بەهێزییەکەى ماوەتەوە و گەلی کورد توانى پارێزگاری لە مانەوەى خۆی و زمانەکەی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە بکات، بەڵام ئێستا لە پاڵ هەنگاوەکانى گەشەکردن، مەترسی زۆریش لەسەر زمانی کوردی هەیە.

بەشێک لە مامۆستایانى زانکۆ بۆ ڕۆژنیوز لەسەر گەشەکردنى زمانى کوردی و ئەو مەترسییانەى ڕووبەڕووی بوونەتەوە قسە دەکەن و تیشکدەخەنە سەر ئەوەى زمانی کوردی ڕووی لە گەشەکردن و فراوانبوون کردوە.

ئاریان سدیق
ئاریان سدیق

دکتۆر ئاریان سدیق مامۆستای لە زانکۆی هەڵەبجە وتی: زمانی كوردی ئێستا لەئاستێكی زۆر باشدایە، هەنگاوی گەورەی ناوە خزمەتی باشكراوە، دەتوانین بڵێن زمانی كوردی لەباشترین حاڵەتی خۆیدایە، هەرچەندە مەترسیش هەیە لەسەری، ئەو مەترسیانەش بەشێكی پەیوەندی بەو لێشاوە تەكنەلۆژیایەوە هەیە هەموو زمانەكانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، زمانی كوردیش ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە دەبنەوە لەئێستادا.

وتیشی: لەئێستادا زمانی كوردی پێویستە باشتر خزمەت بكرێت، ئەو مەترسیانە كەوا كێشە بۆ زمان دروستدەكەن سۆشیاڵ میدیا، ئەوەی لەسۆشیاڵ میدیا دەگوزەرێت جێگەی نیگەرانیە لەڕوی زمانەوانیەوە، گرنگە كاری لەسەر بكەین، زۆرجار لەسەر كۆمێنتەكان لەلایەن دادوەرەكانەوە نوسراومان بۆ دێت پرسیاری ئەوە دەكەن، ئەو كۆمێنتە زمانی زبرە یاخود نا، دادوەرەكانیش كێشەیان لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەیە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ باسی لەوەشكرد، میللەتی كورد زمانی ستانداردمان بەتەواوی جێگیرنەبوە بەشێوەیەكی زانستی، خۆشمان زمانەكەمان دروستنەكردوە، بەڵكو بۆمان دروستبوە، بۆیە چۆن هەلومەرجێك ئەوەی بۆ ڕەحساندوین زمانێكی ستانداردمان بۆ دروست بێت، ئەگەری زۆرە هەلومەرجێك بێتە پێشەوە مەترسی لەناوچون بكەوێتە سەر زمانەكەمان.

دکتۆر ئاریان سدیق ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت لەچەندین بواردا كەمتەرخەمە لەوانەش وەزارەتی ڕۆشنبیری هیچ سانسۆرێكی نیە لەسەر دراما بیانیەكان لەبەشێكی كەناڵە میدیاییەكانەوە بڵاودەكرێتەوە، كاریگەری زۆریان هەیە لەسەر زمانی كوردی، هەروەها بونی تابلۆكان بەزمانی بێگانە لەناو بازاڕو شوێنە گشتیەكان، ئەمە جگەلەوەی یاسای زمانە ڕەسمیەكاندا لەپەڕلەمانی كوردستان دەرچووە، دەشڵێت: چۆن مامەڵە لەگەڵ زمانی ڕەسمی كوردی و عەرەبیدا بكرێت، بەڵام بەشی زۆری نوسراوی دادگاكان عەرەبیە كوردی زۆر فەرامۆشكراوە، ئەو بڕگەو یاسایانەی لەپەڕلەمان دەرچووە لەكارەكانیاندا ڕەنگ ناداتەوە.

پڕۆفیسۆر قەیس كاكل
پڕۆفیسۆر قەیس كاكل

پڕۆفیسۆر قەیس كاكل مامۆستا لە زانكۆی سۆران بۆ ڕۆژنیوز وتی: زمانی كوردی ئێستا لەو مەترسیە دەرچوە لەناو بچێت، بەڵكو بەئاراستەیەكی دیكەی باشتر دەڕوات و گەشەدەكات و بڵاودەبێتەوە، زمانی كوردی گەشتۆتە هەنگاوێك بەدەیان سەنتەری توێژینەوە لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە لەسەری، دەیان خەڵكی بیانیش هەوڵدەدەن خۆیان فێری زمانەكە بكەن، بۆیە گرنگە بەو ئاراستەیە بیر بكەینەوە زمانی كوردی بكەین بەزمانێكی ئاسمانی بڵاوبێتەوە بەجیهاندا.

كاكل وتیشی: هەموو حكومەتانی دونیا پلانیان هەیەو كار بۆ گەشەكردنی زمانەكەیان دەكات، لەناو میللەتی كوردا هەر لەسەرەتاوە دامەزراوەی ڕەسمی زمانی كوردی دروستنەكردوە گەشەی پێنەكردوە، بەڵكو كۆمەڵێك خەڵكی دیكە ئەو هۆشیاری زمانەیان هەبوو، بۆ نمونەش لەسەرەتای چلەكانەوە زمانی كوردی پڕبوو لەوشەی عەرەبی و فارسی هیچ كۆنفرانسێك نەكرا بۆ ئەوەی زمان پاك بكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، شاعیران و ڕۆژنامەنوسان ڕۆشنبیران  وایانكرد زمانی كوردی گەشە بكات و پاراو بێت، ئێستا دەروی میدیاكان زۆر گەورترە لەئەركی حكومەت، چونكە حكومەت وەك جاران نەماوە تۆتالیتاری بێت و بڕیاری زمان بسەپێنێت، لەكۆمەڵگەیەكی كراوەو دیموكراتیدا دەزگا ناحكومیەكان كەزانكۆو میدیاكانن كاریگەرییان زیاترە لەسەر پاراستنی زمان وەك لەحكومەت.

هـ.ح

Comments are closed.