لە چەمچەماڵ ساڵیادی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک بەرز ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ٥٢ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک بە مەڕاسیمێکی هونەریی بەرز ڕاگیرا و ڕێکخەری مەڕاسیمەکەش وتی: هونەرەکەی حەسەن زیرەک هێندە گەورەیە یادکردنەوەی بچوکترین کارە بکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخچەی نەورۆز لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەهاوڵاتییانی شارۆچکەکە یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک کرایەوە.

لە سەرەتای ساڵیادەکەدا سعود سەنگاوی ئامادەکاری چالاکییەکە، بەخێر هاتنی ئامادەبوانی کرد و باسی لە گرنگی گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک کرد.

 پاشان هەرێم کاکەیی سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ڕووناکبیریی و کۆمەڵایەتیی یارسان، وتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبوان سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد، کە لە ساڵیادی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک هاوکاریان بوون.

دواتر لەلایەن هونەرمەندان سیروان زیرەک  و بەهێز عەلی و دانا موتیع جەباری، چەندین بەرهەمی گۆرانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد مامۆستا حەسەن زیرەکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، و کەشێکی هونەری جوانیان بۆ ئامادەبوان درووستکرد، هاوکات جۆش و خرۆشیان بە چالاکییەکە بەخشی.

حەسەن عەبدوڵا ناسراو بە حەسەن زیرەک، مامۆستا و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی مەزنی هونەری کوردی، لە ٢٩ـی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، خاوەنی سەدان شاکاری هونەریی گۆرانی وتنە، لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان کۆچی دوایی کردووە، هەر لە بۆکان بەخاک سپێردراوە.

ب.گ

Comments are closed.