کۆکردنەوەى پەتاتە لە دەشتی شارەزوور دەستی پێکرد و جوتیاران داوایەک لە حکومەت دەکەن

هەڵەبجە

وەرزی كۆكردنەوەو بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لەدەشتی شارەزوور، خاوەن كێڵگە كشتوكاڵیەكانیش ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرن و دەڵێن: حکومەت وەك هاوكارییمان ناكات، سنوورەكان دابخات لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبین، چونكە تێچووی بەرهەمهێنانەكەی زۆرەو هەمووی لەسەر گیرفانی خۆمانە.

لەهەرێمی كوردستان ساڵانە بڕێكی زۆر پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت لەلایەن جوتیارانەوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمهێنانی پەتاتە بگاتە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار تۆن، پێداویستی ناوخۆش پێویستی بە ٣٥٠ هەزار تۆنە، بەشەكەی دیكەی هەناردەی بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، ئەمساڵیش پەتاتەى پشدەر ڕەوانەى ئیمارات و سعودییە و چەند وڵاتێک کرا.

یاسین عەبدوڵا جوتیارێکی دەشتى شارەزوورە و ماوەی ١٢ ساڵە كاری بەرهەمهێنانی پەتاتە دەكات، بۆ ڕۆژنیوز وتی: سەرەتای چاندنی بەرهەمی پەتاتەمان لە ١٥ دۆنم زەوییەوە دەستمان پێكرد، ئەمساڵ ڕێژەكەمان لەدەشتی شارەزوور بەرزكردوەتەوە بۆ ٣٥٠ دۆنم زەویی، بەروبوومی ئەمساڵمان جوانە و لێیڕازین، نزیكەی دوو هەزار تۆن پەتاتەم بەرهەمهێناوە.

یاسین عەبدوڵا
یاسین عەبدوڵا

ئەو جوتیارە وتیشی: یەكێك  لەژێرخانی ئابوری كوردستان كشتوكاڵە، حكومەت بەپێی پێویست هاوكارمان نابێت، ئەگەر هاوكارمان بێت لەبری ٣٠٠ دۆنم زەوی ٦٠٠ دۆنم زەوی دادەچێنم، دەتوانم زیاتر لەچوار هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم بێنم، بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵیشمان پیشەسازییە بۆ بەرهەمهێنانی جبسبە، كۆمپانیاكە ساڵانە لەشارەزوور ٣٠ هەزار تۆن پەتاتە وەردەگرێت لە جوتیاران.

ئەو جوتیارە دواكارە لە حكومەت، كاتێك بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆ پێدەگات ڕێگە نەدات لەسنوورەكانەوە بەشێوەی قاچاغ بەرهەمی دەرەكی بێتە ناوخۆی كوردستانەوە، بەرهەمی دەرەكی زیانی زۆر لەجوتیاران دەدات، وتیشی: تەنها داوایان لێدەكەین سنورەكانمان بۆ بگرێت، ڕۆژانەش ٢٠٠ كرێكار كارم بۆ دەكات.

دەرهێنانەوەى پەتاتە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئامێرێکی تایبەت دەبێت، كرێكارەكان بەكۆمەڵ دەست دەكەن بەكۆكردنەوەی بەرهەمەكە بەخێرایی دەیكەن كیسی گەورەی تایبەتەوە، پاشان باردەكرێت لەئۆتۆمبێلی سارد كەرەوە بۆ ئەوەی تیشكی خۆری زۆر بەرنەكەوێت خراپ نەبێت، بەو جۆرە پەتاتەكە هەناردەی كارگەكانی بەرهەمهێنانی جبس دەكرێت.

ستار مەحموود
ستار مەحموود

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی: وەك بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی كشتوكاڵ بەچەندین جۆر هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران دەكەین، لەوانەش لەكاتی پێگەشتنی بەرهەمی پەتاتە لەناوخۆدا هاوردەكردنی بەروبوومی دەرەكی قەدەغەدەكرێت، ئەوەش وەك پاڵپشتییەك بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران لەناوخۆدا، هەروەها كارئاسانیكردن بۆ ئەو بەرهەمە پەتاتەیەی زیادە لە پێویستییەكانی ناوخۆ.

وتیشی: بەرهەمی پەتاتە زیادە لە پێداویستی ناوخۆ، كاری زۆر باشكراوە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە بۆ هەناردەكردنی پەتاتە بۆ وڵاتانی كەنداو، سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزور زۆر بە پیتە ساڵانە ڕووبەرێكی بەرچاو پەتاتەی تێدا دەچێنرێت، ساڵی ڕابردووش لە ڕێگەی ڕێكخراوێكی بیانیەوە بڕی ٤٠ تۆن پەتاتەمان دابەشكرد بەسەر ١٠ جوتیاری سنوورەكەمان، ئەوەش بۆ پاڵپشتی زیاتری بەرهەمی ناوخۆی.

هـ.ح

Comments are closed.