یادی ٣٥ ساڵەی ڕاگواستنی قەڵادزێ بە چالاکی جیاواز بەرز ڕاگیرا

قەڵادزێ

بەبۆنەی ساڵیادی بۆردوومانکردن و ڕاگواستنی شارۆچکەی قەڵادزێ، بە چەندین چالاکیی کەلتووریی و ھونەریی ئەو یادە بەرز ڕاگیرا و تێیدا، زیاتر لە ٢٥  تابلۆ، کە دەلالەت بوون لە حەوت کارەساتی قەڵادزێ نمایش کران و ٢٠ خانمی کارساز و دەستڕەنگین لە گرووپی خانمانی پەری، بە نمایشکردنی کارە دەستییەکانیان بەشدارییان کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شەقامی بەردەم پاڕکی شاری شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ٣٥ـەمین ساڵیادی ڕاگواستنی زۆرەملێی شارۆچکەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بەسەرپەرشتی ھەریەک لە  سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ و بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی قەڵادزێ و دامەزاوەی کەریمی عەلەکە و ماڵی کەلەپووریی و ڕۆشنبیریی قەڵادزێ چالاکییەکی کەلتووریی و ھونەرییان ئەنجامدا.

 لە چالاکییەکەدا، زیاتر لە ٢٥  تابلۆ، کە دەلالەت بوون لە حەوت کارەساتی قەڵادزێ و پیشاندانی  ٢٠ وێنەی وێران کردنی قەڵادزێ و ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە نمایش کران، هەروەها ٢٠ خانمی کارساز و دەستڕەنگین لە گرووپی خانمانی پەری، بە نمایشکردنی کارە دەستییەکانیان بەشدارییان کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٨٩ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، دانیشتوانی شارۆچکەی قەڵادزێ بە زۆر ڕاگوێزران و لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا نیشتەجێکران، شارۆچکەکە  ڕووخێندرا و کرا بە ناوچەیەکی قەدەغەکراو.

ب.گ

Comments are closed.