بۆچی دەوڵەتی تورک لە بەڕێوەبردن و هەڵبژاردنەکانى کوردان دەترسێت؟

ناوەندی هەواڵەکان

بە درێژایی مێژوو دەوڵەتى تورک لەگەڵ ئەوەی ڕێگەی نەداوە گەلی کورد کیان و بەڕێوەبردنی خۆی هەبێت، ڕێگەشی نەداوە لە تورکیا و باکووری کوردستان کوردان لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بۆ پەرلەمان و شارەوانییەکان کاندید بکەن، لەم ساڵانەى کۆتاییدا نەبێت، چونکە هەمیشە لە پێگە و ڕۆڵی کوردان ترساوە و پێیوابووە کورد دەوڵەتى تورک لەناودەبات.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩١ ژمارەیەک کەسایەتى کورد خۆیان کاندید کرد بۆ پەرلەمانى  تورکیا و چوونە پەرلەمانەوە، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی باکووری کوردستان چەند کەسایەتییەکی تری کورد خۆیان کاندید کرد و بوونە سەرۆک شارەوانی.

بەڵام بۆ ئەوەى ڕێگریی بکەن کە چیتر کورد نەتوانن بچنە پەرلەمان و شارەوانییەکان و پۆستی دەوڵەت وەربگرن، دەوڵەتى تورک لە سالی ١٩٩٤ بە بیانووی بێبنەما ١٠ پەرلەمانتارەکەی کوردی زیندانیکرد و نزیکەى ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ مانەوە لە زیندان.

لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە کورد نزیکەى ١٠٠ شارەوانى لە باکووری کوردستان بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ و بەدواوە دەوڵەتی فاشیست و ئاکەپە و مەهەپە سیستەمی قەیومیان دانا و سەرۆک شارەوانییەکانیان لادا بەشێکی زۆریان خستنە زیندانەوە، ئەمە لە هەڵبژاردنی ساڵانی دواتری پەرلەمان و شارەوانییەکانیش دەوڵەتى ئەردۆغان هەمان سیاسەتى ڕەگەزپەرستانەى خۆی جێبەجێکرد.

بەم جۆرە دەوڵەتى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپە لەناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک دژی ئەوە وەستاوەتەوە  کوردان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دژی بەدەستهێنانى هەر پلە و پایەیەکن کە بە ئیرادەی گەلی کورد بەشێوەى یاسایی و دیموکراسی بەدەست بێت.

دەوڵەتى تورک لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش بۆ ئەوەى کورد نەبێت بە خاوەن بەڕێوەبەری خۆی هەموو کارێک ئەنجام دەدات، لەو چوارچێوەیەدا مانگی ڕابردوو بڕیار بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بەڕێوە بچێت، دیسان ئەردۆغان هەڕەشەی کرد و وتی: ڕێگە نادەین هەڵبژاردن لە باکووری سووریا بکرێت، چونکە ئەمە بۆ دروستکردنى دەوڵەت و جیابوونەوەیە لە سووریا، بۆیە دەستی بە هێرشێکی فراوان کرد بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بارەگا و بازگە و سەنگەرەکانى هەسەدە و ئاسایشی ڕۆژئاوایان کردە ئامانج، ئەوەش بووە بەربەستێک لەبەردەم هەڵبژاردنەکە.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتى یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕایگەیاند، دەوڵەتى تورک ئامانجی ئەوەیە کورد لە هیچ شوێنێک نەبێتە خاوەنى دەسەڵات و بەڕێوەبەری خۆی، بەڵام ئێمە ناکرێت دانیشین بڵێین کەی ئەو پێی باش بوو هەڵبژاردن بکەین، بۆیە ئێمە لە مانگی ئابی داهاتوو هەڵبژاردن دەکەین تورکیا پێی خۆش بێت یان نا.

لە باشووری کوردستانیش کە بڕیار بوو ١٠ـی حوەزیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە ڕێگەی پەدەکە و تورکمانەکانەوە دەستوەردانى کرد و نەیهێشت هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت، ڕاستە لە ڕواڵەتدا پەدەکە بە کارەکان هەستاوە، بەڵام لە پشتى پەردەوە دەوڵەتى تورک چوار جار شکستیی بە هەڵبژاردن هێنا، بۆ ئەوەی قەیرانێکی سیاسیی لە هەرێم دروست بکات و خۆی درێژە بە داگیرکاریییەکانى بدات.

سەرەتای ئەم مانگە وەزیری بەرگریی دەوڵەتى داگیرکەری تورک بە ئاشکرا بە میدیاکانى تورکیای وت: ئێمە ڕێگەمان نەدا هەڵبژاردن لە باکووری عێراق بەڕێوەبچێت، چونکە پەکەکە دەبووە دەسەڵاتێکی بەهێز لە حکومەت و پەرلەماندا، مەبەستى وەزیرەکەى دەوڵەتى تورک یەنەکە بوو کە لەلای دەوڵەتى تورک هەر کەس و لایەنێک نەبووە ئەڵقە لە گوێی خۆی بە پەکەکە ناوی دەبات.

بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بە تایبەت لەو کاتەوەى شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویداوە، ئەردۆغان و دەوڵەتەکەى دەڵێن: ئەو هەڵەیەى لە باکووری عێراق کردمان لە باکووری سووریا دووبارەی ناکەینەوە.

واتە دەوڵەتى تورک و ئەردۆغان بە تایبەت دروستکردنی قەوارەى هەرێمی کوردستان بە هەڵە دەزانێت و بە مافی گەلی کوردی نازانێت، بۆیە دروستکردنى هەر کیانێکی دیکەی کورد، دەوڵەتى تورک بە ئەرکی خۆی دەزانێت ڕووبەڕووی بووەستێتەوە و وەک باشووری کوردستان نەبێتە خاوەن بەڕێوەبردنى خۆی.

لەکاتێکدا سەرۆکی دەوڵەتی تورک دروستبوونى قەوارەى هەرێم بە هەڵەیەکی کوشندە دەزانێت و لەکاتى ڕیفراندۆمەکەى ساڵی ٢٠١٧ دەوڵەتى تورک یەکەم دەوڵەت بوو دژی وەستایەوە و سنوور و فڕۆکەخانەى بەڕووی هەرێمدا داخست، بەڵام پەدەکە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر خۆی و هەرێم گرێدەدات بەو دەوڵەتە فاشیستەوە.

دیسان لە پرسی هەڵبژاردنى پارێزگای کەرکووکیشدا دەوڵەتى تورک لە ڕێی پەدەکەوە نەیهێشت لایەنە کوردییەکانى ئەو پارێزگایە بە یەک لیست بڕۆنە هەڵبژاردنەوە، بۆیە لایەنە کوردییەکانى پارچە پارچە کرد و هەریەکە و بەجیا چوونە هەڵبژاردنەکەوە، دوای هەڵبژاردنیش دەوڵەتى تورک هەر لەڕێی پەدەکە و تورکمانەکانەوە نەیهێشتووە ئیدارەى شارەکە پێکبهێندرێت و پارێزگار دابنرێت.

ئێستا دەوڵەتى تورک دەستى بە هێرشی داگیرکاری کردوە بۆسەر خاکی هەرێم، ئامانجێکی ئەمەش ئەوەیە کە دووبارە کێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێم درووست بکات، ئەگەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەش بەردەوام بن ئەوا دوور نییە دواخستنى هەڵبژاردنەکە.

هـ.ح

Comments are closed.