پەدەکە هەرێم لەسەر سینییەک پێشکەشی دەوڵەتی تورک دەکات ولایەنەکانی تر بێهەڵوێستن

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژ بە ڕۆژ چارەنووسی ئەو هەرێمە ٣٢ ساڵییە کە بە خوێنی سەدان هەزار کەس هاتووەتە بەرهەم دەکەوێتە مەترسییەوە و پەدەکە بۆ ئەم هەرێمە کە ڕەنج و ماندووبوونێکی ئەوتۆی نەکێشاوە، ئێستا لەسەر سینییەکی زێڕین خاک و خەڵکەکەى پێشکەشی دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەکات، لایەنە سیاسیەکانى دیکەی هەرێمیش جۆش داماون و توانای وتنی وشەیەکیان بەرامبەر هەڕاجکردنى خاکەیان نییە.

پەدەکە کە میراتى شۆڕشە ئاشبەتاڵەکەى ساڵی ١٩٧٥ـە ئێستا لەسەر هەمان ڕێباز خەریکی ئاشبەتاڵێکی دیکە بەسەر باشووری کوردستاندا دەهێنێت و نیوەى خاکی باشووری لەسەر سینییەک بەخشیوەتە دەوڵەتى داگیرکەری تورک، هەوڵدەدات نیوەکەى تریش هەروا بە ئاسانى پێشکەشی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بکات.

لە چەند ساڵى ڕابدوودا تا ئێستا ئەوەى دەوڵەتى تورک دەیەوێت پەدەکە بۆی دەکات، هەر لە هەواڵگیری و گرتنى کوردانى باکووری کوردستان و لە پیشاندانى بنکەو بارەگاکانى گەریلاکان و بە ئامانجگرتنى هاوڵاتییان، هاوکات تواناکانى حکومەتى هەرێمی خستووەتە خزمەت ئەو داگیرکەرە، داهات و قوتى خەڵکی هەرێمی کوردستان لە گیرفان و بانکەکانى ئەردۆغاندایە.

ساڵی ٢٠١٤ پەدەکە بەناوی ئابووری سەربەخۆوە نەوتى هەرێمی هەڕاج کردو ڕادەستى دەوڵەتى تورک دەکرد، کە تەنیا و تەنیا بنەماڵەى بارزانى و ئەردۆغان پێی دەوڵەمەند بوون، لەو ساڵەوە تا ئێستا پەدەکە بەناوی ئابووری سەربەخۆوە هەرێمی کوردستانی ٣٠ ملیار دۆلار قەزردار کرد.

لە ٢٠ ساڵى ڕابردوودا پەدەکە لەڕووی سەربازی و سیاسی و ئابوورییەوە دەستى دەوڵەتى داگیرکەری تورکی ڕاکێشایە ناو هەرێمەوە، ئەمەش بە پیلانى هاوبەشی هەردوولا ئەنجامدراو ئێستا خەریکە هەرێم بەهۆی ئەم پیلانە و لەسەر دەستەى پەدەکە و ماڵی بارزانى لەدەست دەردەچێت.

لەڕووی سەربازییەوە دەوڵەتى تورک بە هاوکاری پەدەکە دەستى بەسەر نیوەى باشووری کوردستاندا گرتووە و بایدنان بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیەتى و هەولێریش بەپێی بڕیارەکانى میت بەڕێوە دەبرێت.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک نزیکەى ٨٥ بنکە و بارەگا و هەزاران سەربازی لەسەر خاکی هەرێم جێگیر کردوە، ئامانجی ئەم داگیرکەرە، لەناوبردنى کورد و داگیرکردنى خاکی کوردستانە، بەڵام ئەمە بەتەنیا بۆی ناچێتە سەر، بۆیە ئەو پیلانەى پشتى بە پەدەکە بەستووە و ئەویش شێلگیرانە یارمەتی دەدات لە داگیرکردنى خاکی هەرێم.

لەڕووی ئابووریشەوە دەوڵەتى تورک لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا ساڵی ٢٠٢٣ هەرێمی دەدۆشی و نەوتەکەى بە تاڵان و هەرزان فرۆش لە پەدەکە وەردەگرت کە لانى کەم ٥٠ دۆلار کەمتر لە نەوتى عێراق دەستى دەکەوت، ئەوەى دەماشەوە کەمێکی بۆ هەرێم و زۆرینەکەى دەچووە خەزێنەى ماڵی بارزانییەوە.

ئەمە وایکرد هەرێمی وردستان ٣٠ ملیار دۆلار قەرزداربێت کە بەشێک لەو قەرزانە هی بانکەکانى دەوڵەتى تورک، کە ئەمەش بە پیلان ئەدرۆغان هەرێمی کوردستانی خستە ژێر باری ئەو هەموو قەرەزەوە، بۆیە دەوڵەتى عێراق ناچار لە دادگای پاریس سکاڵای کرد و نەوتەکەى لە ژێر دەستى پەدەکە و دەوڵەتى تورک دەرهێنا.

هەروەها لە ڕووی سیاسیشەوە پەدەکە کۆنتڕۆڵی تەواوی دەسەڵات و بڕیار و حکومەڕانى هەرێمی کوردستانی کردوە و ئەوەشی خستووەتە خزمەت دەوڵەتى تورکەوە، بۆیە دەوڵەتی تورکیش لەم ڕووەوە کۆنتڕۆلی هەرێمی کوردوە، لەو چوارچێوەیەشدا نەیهێشت هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بەڕێوە بچێت، وەزیری بەرگری تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەى بە ئاشکرا بۆ میدیاکانى تورکیا وت.

هەموو ئەوانە کە دەوڵەتى تورک و پەدەکە بەیەکەوە دەیکەن و بوونەتە شەریک بۆ لەناوبردنى ئەزموونى باشووری کوردستان، بەهۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمەوەیە، ئەگەر ئەوان لەناو حکومەتی هەرێمدا، هەڵوێستێکی جدییان هەبووایە، ئەوا هەرگیز پەدەکە توانای ئەوەی نەبوو هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و هەژموونى دەوڵەتى تورکەوە .

مەترسی دادگیرکردنى خاکی باشووری کوردستان مەترسییەکە بۆ هەموو گەلی کورد و باشووری کوردستان بەتایبەتى، بۆیە هەمووان لە هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبن و لەداهاتوودا دەکرێنە ئامانجی ئەو داگیرکارییە.

لایەنەکانی دیکە لە ناو حکومەتدا بە درێژایی ئەم چەندین ساڵە چاویان لە ئاست داگیرکردنى خاکی هەرێم و لەناوبردنى هاوڵاتییان داخستووە، هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆردوومان و شەهیدکردنى هاوڵاتییان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتیان نەبووە.

پەدەکە هەرێمی کوردستانی کردوەتە دۆزەخ بۆ کوردانى بەشەکانى دیکەى کوردستان و  جێگای هەموو داگیرکەر و سیخوڕو بێگانەیەکی تێدا دەبێتەوە، جێگای کوردانى بەشەکانى کوردستان نابێتەوە، ئەو کوردانەی لەدەست زوڵم و زۆری و دۆزەخی دەوڵەتانى داگیرکەرى تورک و سوریا و ئێران ڕایانکردوە، پەدەکە لە هەرێم دەیانگرێت و زیندانیان دەکات یان ڕادەستى داگیرکەرانیان دەکاتەوە.

هەڵبژاردنى ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان دەتواندرێت بکرێتە دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە هەرێم، بۆ ئەوەى هاوسەنگی بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردنى هەرێم بگەڕێتەوە و ڕێگە نەدرێت لایەنێکی وەک پەدەکە داگیرکەران بێنێتە سەرخاکی هەرێم و چاوساغیان بۆ بکات و هاوڵاتییان بە کوشت بدات.

هـ.ح

Comments are closed.