هاوپەیمانیی نەسر ئیدانەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک، هاوپەیمانیى نەسر، هەڵوێستی نیشاندا و  ئیدانەی کرد و بانگەوازی کرد هەڵوێستێکى نیشتمانیی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنى دەستدرێژیی و پێشێلکارییەکانى تورکیا بەرامبەر بە عێراق.

هاوپەیمانی نەسر، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، لە بارەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر سنووری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا هاتووە، سەرکۆنەى ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارە دەکەین کە سوپای تورک دەیکاتە سەر عێراق و بازگەى سەربازیی لەنێوان بامەڕنێ و ئامێدى داناوە.

ڕاشیانگەیاندووە، بەردەوامبوونى تورکیا لە بەزاندنى سەروەریى عێراق، پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بەرەو ئاڵۆزییەکى گشتگیر دەبات و ناکرێت لە هیچ دۆخێکدا پاساو بۆ ئەو پێشێلکارییانە بهێندرێتەوە.

هەروەها داوایان لە حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کردووە، هەڵوێستێکى نیشتیمانیی بگرنەبەر و سنوورێک دابنێن بۆ دەستدرێژیی و پێشێلکارییەکانى تورکیا بەرامبەر بە عێراق و گەلەکەى.

ب. جـ

Comments are closed.