“بێدەنگی عێراق وایکردووە توركیا بە ئاسوودەیی تەواو خاكی عێراق داگیر بكات”

بەغدا

چاودێرێکی سیاسی لە عێراق ئاماژە بە مەترسی بوونى سوپای داگیرکەری تورک لە عێراق دەکات  و پێیوایە کە نەبوونی بڕیارێكی نیشتمانی و لاوازی ئەدای حكومەتی عێراق وایكردووە تورکیا بە ئاسوودەیی خۆی هەنگاو بۆ داگیرکردنى تەواوی عێراق بنێت، دەشڵێت: داوا دەكەم عەلی سیستانی فەتوایەك بدات، كە ڕێگە بە عێراقییەكان بدات بەرگری لە خاكەكانیان بكەن و هێزەکانى تورکیا لە خاکەکەمان دەربکەین.

محەمەد كازمی
محەمەد كازمی

محەمەد كازمی چاودێری سیاسی لە بارەی هێرش و لەشكركێشییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك  بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

محەمەد كازمی ڕایگەیاند، سەبارەت بە دەستدرێژیەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێم، حكومەتی عێراق بە بێدەنگی وەستاوە، ئەمەش وایكردووە توركیا بە ئاسوودەیی هەنگاو بنێت و بە تەواوی خاكی عێراق داگیر بكات.

ئەو چاودێرە پرسیاری ئەوەی كرد، بۆچی حكومەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا لەسەر توركیا تۆمار ناكات، وەك ئەوەی لەسەر ئێران تۆماری كرد، كاتێك هەولێری بۆردوومان كرد؟

ئاماژەی بەوەشكرد، لاوازی بڕیاری نیشتیمانی و نەبوونی ڕۆڵی ڕاستەقینەی حكومەت لە پاراستن و بەرگریكردن لە وڵاتەکەمان، جگە لە فرەیی و پەرشوبڵاوی لایەنەكان، وایكرد عێراق پارچە پارچە و لاواز بێت.

دەشڵێت، داوا دەكەم عەلی سیستانی فەتوایەك بدات، كە ڕێگە بە عێراقییەكان بدات بەرگری لە خاكەكانیان بكەن و هێزەکانى تورکیا لە خاکەکەمان دەربکەین.

جێگای سەرنجە، توركیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەستی كرد بە گواستنەوەی هەزار سەربازی لە نێوان سەربازگەی گاری باروچ و چیای (متینا) لە پشت شارۆچكەی بامەڕنێ و بازگەیان داناوە و ڕێگە بە كەس نادەن تێپەڕێت تا  لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا نەكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.