شاندێكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا

ناوەندی هەواڵەكان

شەوى ڕابردوو شاندێكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان و مووچە، هەروەها ڕازی كردنی عێراق بۆ بەردەوامی هێرشە داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك لە خاكی هەرێمدا.

میدیا ناوخۆییەكان هەواڵی گەیشتنی شاندێكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستانیان بۆ بەغدا بڵاو كردەوە.

میدیا ناوخۆییەكان بڵاویان كردەوە، شەوى ڕابردوو شاندێكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوون لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوورییەكان، گەیشتوونەتە بەغدا.

ئاماژە بەوەشكراوە، شاندەكە لە میانەى کۆبوونەوەییان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق باس لە هەندێك لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا دەكەن، سەبارەت بە گومرگ و دەروازە سنوورییەكان و مووچەی هێزە ئەمنییەكان.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، دەوڵەتی تورك ماوەی هەفتەیەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستی بە لەشكركێشییەكی گەورە و بۆردوومان كردنی گوندەكان كردووە، دەڵێن: چوونی ئەم شاندەی هەرێم بۆ بەغدا و بوونی ڕێبەر ئەحمەد لە ناو شاندەكە، بە مەبەستی ڕازی كردنی عێراقە بۆ بەردەوامی هێرشە داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك لە خاكی هەرێمی كوردستاندا.

هـ.ئ

Comments are closed.