دژە تیرۆری عێراق: لە دوو ساڵی ڕابردوودا ١٤٠ داعشمان کوشتووە

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ١٤٠ چەتەی داعش بە تەقەی ڕاستەوخۆی دژەتیرۆری عێراق کوژراون.

سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، لەبارەی مۆڵگە و حەشارگەکانی گرووپە چەتەکانی داعش و ئاماری کوژرانی چەتەکانی داعش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو ناوچانەی چەکدارانی داعش خۆیانی تێدا حەشار دەدەن دوورە لە شارەکان و دەوروبەریانەوە، زیاتر لە ناوچە بیابانییەکان و زنجیرە شاخەکانن، سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش و لەناوبردنی جموجوڵەکانیان بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو داعشانەی بە تەقەی دەزگای دژەتیرۆر کوژراون لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە ١٤٠ تیرۆرست، لە ئاستی سەرکردایەتی جیاوازدا.

ب.گ

Comments are closed.