شارەزایان: عێراق دەتوانێت دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بووەستێنێت

وسام زەهرونی

بڵاوبوونەوەی سوپای داگیرکەری تورک بەردەوامە لە ناو خاکی عێراق و بەچڕی بۆردوومانی چەند ناوچەیەک لە سنوورى دهۆک دەکات، شارەزاییانی یاسایی و سیاسی پێیان وایە، تا ئێستاش هەڵوێستی فەرمی عێراق کاریگەری هەیە و مافی خۆیەتی سکاڵای نیودەوڵەتی لەدژی دەوڵەتی تورک تۆماربکات و بڕیارنامەیەکی پابەندکەری نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، دەشڵێن، عێراق دەتوانێت دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بووەستێنێت.

شارەزایان و شرۆڤەکارانى عێراق لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆسەر هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عێراق بەمجۆرە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەوبارەوە، سالم حەواس کە شارەزاییەکی بواری یاسایە ڕایگەیاند، لە ڕوویی یاساییەوە عێراق دەتوانێت بە سکاڵایەکى فەرمی دژ بە ئەنقەرە بەرەو

سالم حەواس
سالم حەواس

کۆمەڵگەی نێودەوڵتی هەنگاو بنێت، چونکە دەوڵەتی تورک سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، ئەم دۆسێیەیە عێراق دەتوانێت سوودی لێ وەرگرێت، چونکە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ئەنقەرە پابەند بکەن.

دەشڵێت، عێراق هیچ هەنگاوێکی جددی بەو ئاراستەیە نەناوە، تەنیا پشت بە پڕۆتۆکۆڵ دەبەستێت وەک یاداشتنامەی ڕەتکردنەوە و ئیدانەکردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، لەکاتێکدا شێوازی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە کە دەتوانێت بە تەواوی ئەم پرسە چارەسەر بکات، بەبێ ئەوەی عێراق پێویستی بە هیچ هەنگاوێکی دیکە هەبێت دژی دەوڵەتی تورک.

لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، عێراق مافی ئەوەی هەیە بەشێوەیەکی یاسایی تەنانەت هێزی سەربازیش بۆ دوورخستنەوەی سوپای تورک بەکاربهێنێت، بەو پێیەی هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە بەبێ هیچ ڕەزامەندییەکی یاسایی عێراق، بەلام بە دڵنیاییەوە بەغدا نایەوێت ئەو گرژییە درووست ببێت.

لای خۆیەوە، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی ماهر جەودە، لە لێدوانیکیدا بۆ “رۆژ نیوز” وتى، بێدەنگی عێراق سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک

ماهر جەودە
ماهر جەودە

بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە و  بووەتە هۆی ئەوەی سوپای تورک زیاتر بێنە ناو خاکی عێراقەوە، هێرشە ئاسامانییەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە نەک تەنیا لەناو هەرێمی کوردستان بەڵکو لە هەندێک ناوچەی پارێزگای نەینەواش.

جەودە جەختیشیکردەوە، پێویستە عێراق هەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم بڵاوبوونەوە نایاساییە و ناشەرعییەی دەوڵەتی تورک بگرێتەبەر و بە لێدوانی ڕۆژنامەوانی ڕازی نەبێت بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەیی هەبێت بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە، بەتایبەتی هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەبێت بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەبێت لە دژی ئەو پێشێلکارییانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پەیوەندییەکی باش و بەهێزی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، دەکرێت ئەو پەیوەندییانە و پەرەپێدانیان بقۆزرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی دژی بوونی سوپای تورک لەناو خاکەکەی و شکستهێنانی عێراقیش لە جوڵەکردن بەم شێوەیە بەو مانایە دێت کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە دزەکردن و بۆردومانکردنی عێراق، بۆیە دەبێت ڕێوشوێنی جددی بگیرێتەبەر.

بنکەکانی تورکیا لە ناوچەکانی: بامەڕنی، شیلادزێ، باتوڤان، کانی ماسی، کیریبیز، سنکی، سێری، کۆپکی، کومری، کۆخی سپی، سەرێ زیر، دۆڵی زاخۆ و ئامێدیدا بڵاوبوونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دانیشتووانی گوندی دەرگەڵای مووسا بەگ، لە بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، دوای ئەوەی سوپای داگیرکەری تورک هۆشدارییان پێداون کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا گوندەکە چۆڵ بکەن.

جێگای ئاماژەیە، دوێنێ سنورى پارێزگای دهۆک بە چڕى حەوت جار لەسەریەک لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردومانکرا، بەهۆیەوە زیانی ماددى بە هاوڵاتیان گەشت، بەتایبەتی لە شارەدێی دێرەلوک و شارۆچکەی ئامێدی.

ڕ.ش

Comments are closed.