بزووتنەوەی نوجەبا: بێدەنگی حكومەت بەرامبەر داگیركارییەكانى دەوڵەتى تورک شەرمەزار دەكەین

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند، پێشێلكاری و داگیركارییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و بێدەنگی حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر شەرمەزار دەكەین، دەشڵێت، وەك ئەوە وایە حکومەتى عێراق و تورکیا ڕێككەوتبن لەسەر پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەکەمان.

عەلی ئەسەدی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق لە بارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە خاكی هەرێمی كوردستان و بێدەنگ بوونی حكومەت لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

عەلی ئەسەدی ڕایگەیاندووە، ئیدانەی بێدەنگی حكومەتی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە پێشێلكاری و داگیركارییەكانی توركیا دەكەم، ئەم سیاسەتمەدارانە گەیشتوونەتە قۆناغێكی زەلیلى و خیانەتكاریی.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێدەچێت نیشتمانپەروەری بەشێك بێت لە وتاری سیاسەتمەدارانی بەغدا و هەموو سیاسەتمەدارانی كورد ، بەڵام ئێستا وەك ڵاڵ بێدەنگ بوون، یان وا نیشان دەدەن ئەوەی دەگوزەرێت هیچ پەیوەندییەكیان بەوانەوە نییە.

لە كۆتایدا باسى لەوەکردووە، ئەم سیاسەتمەدارانە چەند سەیرن گەیشتوونەتە قۆناغى زەلیلى و خیانەتكاری، كوا حكومەتی عێراق كوا دیدار و سەردانەكانی بەرپرسانی عێراق و توركیا وەك ئەوە وایە عێراق و تورکیا ڕێككەوتبن لەسەر پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەکەمان.

سوپاى دەوڵەتى تورک لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشە سەربازییەكانیان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاد كردووە، بۆ فراوانكردنی داگیركارییەكانیان بۆ سەر هەرێمى كوردستان، ئەم هێرشانە ڕەخنەی بەرفراوانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەتی عێراق و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە، كە بە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراقى دەزانن.

جێگای سەرنجە، پێشتر ڕێكخراوی سی پی تی بڵاوی كردەوە توركیا بە نیازە ٧٠- ٧٥٪ خاكی دهۆك داگیر بكات.

هـ.ئ

Comments are closed.