نهێنی بێ هەڵوێستی حكومەتی عێراق لە بەرامبەر لەشكركێشییەكانی توركیا چییە؟

وسام زەهرونی

سوپاى تورک لەشكركێشییەكانی بۆ سەر سنووری دهۆك بەردەوامە و دەیانەوێت دەسەڵاتى خۆیان بەسەر هەندێك ناوچەدا بسەپێنن و بەشێك لە دانیشتوانی ناوچەكە ناچار بە ئاوارەبوون بكەن، چاودێران ڕەخنە لە بێ هەڵوێستی حكومەتى هەرێم و عێراق سەبارەت بە لە شكركێشیەكانی توركیا دەگرن، داواش لە حكومەت دەكەن هەڵوێستێكی ئاشکراى بەرامبەر دەوڵەتى تورک هەبێت.

محەمەد كەحلاوی شارەزای بواری ئەمنی لە بارەی لەشكركێشییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بێ هەڵوێستی حكومەتی عێراق بەرامبەر ئەو هێرشانە، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

محەمەد كەحلاوی
محەمەد كەحلاوی

محەمەد كەحلاوی ڕایگەیاند، دەستدرێژی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێكی جددی و توندی حكومەت هەیە، دەشڵێت، توركیا لە ڕێگەی بۆردومانی ناوچەكانی هەرێم بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق نەوەستاوە، بەڵكو سنوورەكەی تێپەڕاند و لە پارێزگای دهۆك هێزی سەربازی جێگیر كردوە و كۆنترۆڵی خۆی بەسەر ژمارەیەك ناوچەدا سەپاندووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق ڕۆڵی بینەر دەبینێت لەو بەئامانجكردنە ڕوونەى توركیا و پێشێلكارییەكانی، كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات، داواش لە حكومەت دەكەن هەڵوێستێكی تۆكمە و ڕاشكاوانەى بەرامبەر توركەكان هەبێت.

لە درێژەی قسەكانیدا وتی: بڕیار بوو لە سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ عێراق، چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عێراق بهێنرێت، بەڵام حكومەت ئەم دۆسێیە گرنگەی لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات پشتگوێ خست.

سوپای دەوڵەتی تورك لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشە سەربازییەكانیان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاد كردووە، بۆ فراوانكردنی داگیركارییەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە سەدان تانك و سەربازی هێناوەتە ناوچەكە، ئەم هێرشانە ڕەخنەی بەرفراوانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەتی عێراق و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە، كە بە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراقی دەزانن.

هـ.ئ

Comments are closed.