عێراق لە پلەی ١١ـەمینی ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین زیانی تیرۆریستی بەركەوتووە

ناوەندی هەواڵەكان

ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوى كردەوە، بەپێی پێوەرەكانی تیرۆریزمی جیهانی، عێراق لە دوای سووریا لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی و ١١ـەمینی ئەو وڵاتانەدایە، كە زۆرترین زیانی تیرۆرستی بەركەوتووە.

فازل غەڕاوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی عێراق لە بارەی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین كاریگەر تیرۆریان لەسەرە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سووریا بە كۆكردنەوەی حەوت هەزار و ٨٩٠ خاڵ، لە پلەی یەكەمی جیهانی عەرەبی و پێنجەمی جیهان لە نێو ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی تیرۆری بەركەوتووە، هەروەها عێراق بە كۆكردنەوەی حەوت هەزار و ٧٨ خاڵ پلەی دووەمی جیهانی عەرەبی و ١١ـەمینی لەسەر ئاستی جیهان گرتووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە عێراق قوربانییەكانی دەستی چەتەكان بە شەهید و بریندارەكانیشەوە لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیكەی ٦٠٠ هەزار كەس، بەڵام ئێستا عێراق لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە دەستیكردووە بە لەناوبردنی چەتەكان، بەجۆرێک ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ كارە تیرۆرییەكان و پێشێلكارییەكان ٩٠٪ كەمی كردووە.

فازل غەڕاوی داوای لە حكومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دەستپێبكەن بۆ نەهێشتنی پاشماوەی چەتەكانی داعش، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەوڵەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دیكە چڕبكەنەوە، هەروەها  ١٠ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بناسرێت.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین گرووپی چەتەی لە عێراق سەری هەڵداوە و بە سەدان هاوڵاتتی و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژران و بریندار كراون، دواین ڕێكخراوی چەتەی لە عێراق كە زیانی زۆری بە هاوڵاتییانی عێراق گەیاند، چەتەكانی داعش بوون، لەکاتێکدا تا ئێستاش ئەو چەتانە مەترسین بۆ سەر عێراق.

هـ.ئ

Comments are closed.