دادگای فیدراڵی لەبارەى دوو دۆسێیەی تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

ناوەندى هەواڵەکان

بڕیارە سبەى دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەى دوو دۆسێیەى تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئەوانیش پرسی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی کامپەکانی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی دەستووری یاسای دژە تیرۆرە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، کە لە ماڵپەڕی فەرمی دادگا بڵاوى کردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سبەى پێنج دۆسێیە تاوتوێ دەکات، کە دوانیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دژی هەریەک لە سەرۆکی ماوەبەسەرچووى هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ لەبارەی کامپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

باس لەوەشکراوە، سکاڵاکار داوایکردووە دادگاکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.

دەشڵێن، دۆسێیەکى دیکەیان لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆماركراوە و داوا دەکات دادگاکە ماوەی کارپێکردنی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری بزانێت، کە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠١٨ دیاریکراوە.

ئ.م

Comments are closed.