لە شەش مانگی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ٢٧٠ کۆڵبەر کوژراو و برینداربوون

ناوەندی هەواڵەکان

کۆڵبەر نیوز بڵاوى کردەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم ٢٧٠ کۆلبەر کوژراو و برینداربوون، کە ٢٢٢ حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون.

ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ئاماری ژمارەی قوربانییانی کۆڵبەری لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە.

لە ئامارەکەی کۆڵبەرنیوزدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران، داڕمانی بەفر، ڕەق بوونەوە، ڕۆیشتن بەسەر مینە چێندراوەکان، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی دیکە کوژراون و بریندار بوون.

باس لەوەشکراوە، لەو ژمارەیە بە گشتی ٣٤ کۆڵبەر بەڕێژەی (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر بەڕێژەی (٨٧٪) بریندار بوون.

هەروەها لە ئامارەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، کە بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی کۆڵبەران بە ڕێژەی ٢١٨ زیادی کردووە.

هەر لە ئامارەکەدا ڕاگەیەندراوە، لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، کۆی گشتی ٢٢٢ حاڵەت بە ڕێژەی(٨٢٪) بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدانی هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بووە.

لە کۆتایشدا کۆڵبەر نیوز ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و بریندار بوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەنی ١٨ساڵن.

ب. ق

Comments are closed.