بەهۆی كەمی كارەباوە هۆشداریی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە عێراق دەدرێت

 وسام زەهرونی

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و نەبوونی كارەبا هاوڵاتییانی عێراق هەراسان بوون، ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت: میوانداری وەزیری كارەبا دەكەین، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەبا، چاودێرانیش هۆشداری لە هەستیاری دۆخەكە و بەكارهێنانی ناڕەزایەتییەكان خەڵك لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە و دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان دەدەن.

سوهەیلە سوڵتانی ئەندامی لیژنەی كارەبا لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی كەمبوونەوەی ڕێژەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان و بانگهێشتكردنی وەزیری كارەبا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سوهەیلە سوڵتانی
سوهەیلە سوڵتانی

ردنی كارەبا بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی هاویندا زۆر لاوازترە لە وەرزی ڕابردوو، ئەمەش پێچەوانەی بەڵێنی وەزارەتی كارەبا بوو، كە وتی هاوینی ئەمساڵ باشتر دەبێت لە هاوینی ڕابردوو، تا ئێستا هاوڵاتییە هەستیان بە هیچ باشتربوونێك نەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان میوانداری وەزیری كارەبا دەكرێت، بۆ زانینی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دابینكردنی كارەبا، بەتایبەتی لە ئێستادا كە بەشێوەیەكی بەرچاو پلەكانی گەرما بەرزبووەتەوە، هەوڵدەدەین چارەسەری ئەم قەیرانە بدۆزینەوە، كە ساڵانێكە بەردەوامە وهاوڵاتییان بەدەستییەوە دەناڵێنن.

سوهەیلە سوڵتانی دەشڵێت: بە ملیۆنان دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرجكراوە و ئێستاش ئەو پارەیە خەرج دەكرێت، بۆیە دەبێت بەدواداچوون بۆ هەموو خەرجییانەوە بكرێت، چونكە ناهاوسەنگییەكی ئاشكرا لە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارانە هەیە، چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانی كارەبا نەكراوە.

بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارە قەیرانی كارەبا لە عێراق بەردەوامە، یەكێك لەوانە كەمی سووتەمەنی پێویستە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی ماوەی پچڕانی كارەبا، هەروەها زیادبوونی بەكارهێنانی كارەبای ڕۆژانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمای هاویندا، ئەمەش فشار لەسەر تۆڕەكەكانی كارەبا زیاد دەكات.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە پچڕانی كارەبا بەدەیان كەس لە پارێزگای زیقار ڕێگایەكی سەرەكییان لە باشووری شارەكە داخست، عێراق ملیارەها دۆلار بۆ هاوردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا خەرج دەكات، عێراق ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار پێ سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردەی دەكات.

محەمەد عەلی حەكیم
محەمەد عەلی حەكیم

محەمەد عەلی حەكیم، چاودێری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ناڕەزایی جەماوەری زۆر لەسەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا هەیە، ئەمەش پشتڕاستی بەردەوامی شكستی حكومەت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە دەكاتەوە، كە پارەی زیاتر لە وڵاتێك بۆ دامەزراندنی وێستگەی كارەبا خەرج كراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامی ئەم شكستە لە چوارچێوەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەبێتە هۆی خۆپیشاندانی جەماوەری توڕەیی دژی سوودانی و حكومەتەكەی لە زۆربەی پارێزگاكان، هەروەها هەندێك لایەنی سیاسی دەتوانن ئەم قەیرانە بقۆزنەوە بۆ جوڵاندنی شەقام دژی سوودانی، تەنانەت لەلایەن هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیشەوە.

ڕوونیكردەوە، دوو مانگی داهاتوو مەترسیدار دەبێت بۆ حكومەت و سەقامگیرییەكەی، چونكە ڕەنگە توڕەیی جەماوەری زۆر كاریگەر بێت، لە بەرامبەر نەبوونی كارەبا، لە ئێستاوە بەشێك شارەكانی عێراق دەستیان خۆپیشاندان كردووە، ڕەنگە ئەمە سەرەتای توڕەیی خەڵك بێت بەرامبەر بە سوودانی و حكومەتەكەی.

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و نەبوونی كارەبای پێویست، بەشێكی لە هاوڵاتییانی عێراق بۆ دەربازبوون لەو گەرمایە پەنا دەبنەبەر چۆم و ڕووبارەكان، ئەمەش كارەساتی دڵتەزێنی لێ دەكەوێتەوە، لەماوەی مانگێكدا تەنیا لە پارێزگای بەسرە ١٥ كەس خنكاون.

هـ.ئ

Comments are closed.