بەهۆی گلدانەوەی ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی مەترسیدار بووەتەوە

 وسام زەهرونی

شارەزاییەکی بواری ئاو ڕایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەبێتەوە بەهۆی وشکەساڵییەوە، لە پشت ئەم وشکەساڵیشەوە دەوڵەتی تورک هەیە کە پشکی دادپەروەرانەی ئاو نادات بە عێراق.

عادل موختار شارەزایی بواری ئاوە لە عێراق سەبارەت بە مەترسی وشکەساڵی لە عێراق بەمجۆرە بۆ “ڕۆژ نیوز”دوا.

عادل موختار
عادل موختار

عادل موختار ڕایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی جدى دەبێتەوە بەهۆی وشکەساڵییەوە.

دەشڵێت، هۆکارى ئەم وشکەساڵیشە دەوڵەتی تورکە، چونکە پشکی دادپەروەرانەی ئاو نادات بە عێراق، لە کاتێکدا هیچ پاساوێک بۆ ئەو کارە نییە.

وتیشى، ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و دەوڵەتی تورک لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ نەکراوە بەهۆی دیارینەکردنی پشکێکی ڕوون لە دۆسێیەی ئاودا بۆ عێراق، ئەمەش بەمانا ئەوە دێت دەوڵەتی تورک جددی نییە لە پابەندبوونی بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرتنەوەی ئاو، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئاوی ناوخۆی وڵاتەکەمان دەبێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوویداوە و مەترسییەکانى وشکەساڵی زیادیکردووە.

لە کۆتایشدا باسى لەوەکرد، تا ئێستا ئەو دانووستانانە پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست نەهێناوە، نیگەرانییەکان زیاتر پەرەی سەندووە دەربارەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر ژینگە و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان لە عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هاوینی ڕابردوو گەیشتە ئاستێک کە لە ٥٠ پلەی سەدی زیاتر بوو، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە عێراق.

جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی تورك سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی لە دژی عێراق پەرەپێداوە و پشكی ٧٠٪ـی ئاوی عێراق دەدزێت، بەهۆی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی توركەوە، عێراق ماوەی سێ ساڵە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی وشكەساڵی و كەم ئاوی بووتەوە.

ڕ.ش

Comments are closed.