سەزای تەمەلی: ڕێگەی کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە بە ئیمرالییدا تێدەپەڕێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی وتی: ئەو گۆشەگیرییەی ماوەی ٢٥ ساڵە لە گرتووخانەی ئیمرالیدا بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێنراوە، ئەشكەنجەیەکی هێندە قورسە کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، ڕێگەی کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە بە ئیمرالییدا تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ، سەزای تەمەلی، سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لە پەرلەمانى تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لە وتەکانییدا تەمەلی باسی لەوەکرد، لە تورکیادا ئەشکەنجەی زۆر هەیە و وتی: بە تایبەت لە گرتووخانەکاندا ئەشکەنجە هەیە و لە ئاستێکی زۆر بەرز و جدیدا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، سەبارەت بەم بابەتە هیچ هەنگاوێک نەنراوە، لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزارەتی داد دا چەندین جار ئەم بابەتەمان باسکردووە و کردوومانە بە ڕۆژەڤ، بەڵام وەزارەتی داد هیچ گرنگی پێنەداوە، لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە، زیندانی نەخۆش، زیندانی بە تەمەن هەیە، هەموو ئەمانەش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و لە تورکیادا ئەنجام دەدرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا تەمەلی سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریی ئیمرالی و ئاماژەی بەوەدا سەرچاوەی بنەڕەتی هەموو کردەوەیەکی ئەشکەنجە لە تورکیادا گۆشەگیریی ئیمرالییە و وتی: ماوەی ٢٥ ساڵە گۆشەگیرییەکی سەخت بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێنراوە، ئەمەش گۆشەگیرییەکی قورسە لە هیچ جێگەیەکی دیکەی جهیاندا هاوشێوەی نییە، ئەم گۆشگیریکردنە بەردەوامی هەیە، کاتێک بە وەزارەتی داد دەڵێین، گۆشگیریی بەردەوامە، دەڵێت “گۆشەگیریی لە تورکیادا نییە”، هەڵبەتە ٤٠ مانگە گۆشەگیریی بەشێوەیەکی قورس هەیە.

وتیشی: هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالانەوە وەرناگیرێت، بە تەواوی لە هەموو جۆرە پەیوەندییەک دابڕێندراوە، نیگەرانییەکانمان لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە زیاتر دەبن، بۆیە ئەشکەنجەدان لەم وڵاتەدا هەیە و ڕێگەی کۆتایهێنان بە ئەشکەنجەش بە ئیمرالیدا تێپەڕدەبێت.

هەروەها سەزای تەمەلی بانگەوازیی بۆ گردبوونەوەیەک کرد، کە بڕیارە لە ٢٩ـی حوزەیران لە کارتالی ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، کە لە دژی دانانی قەیوم دەبێت.

ب. جـ

Comments are closed.