لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی هەمەلایەنی سەر کوردان ئیدانە کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە چالاکی بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، هێرشی داگیرکاریی و هێرشی هەمەلایەنی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد و دامەزراوە کوردییەکان شەرمەزار کرا.

هەموو چوارشەمەیەک لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا، چالاکی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـەوە بەردەوامە.

ئەمڕۆ چالاکوانان هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر باشووری کوردستان و هێرشی سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر و کۆمەڵەکانی کورد لە بەلجیکا و فەڕەنسا، شەرمەزار کرد.

ڕاگەیاندراوی چالاکییەکە، لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی چالاکییەکە ڕەزا چەتین کایاوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بە چالاکییەکان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، هەروەها نرخاندنی کرد بۆ سەردانی ئەردۆغان بۆ باشووری کوردستان و هێرشەکان بۆ سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا و هەڵکوتانەسەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان لە تورکیا، دووپاتی کردەوە، هێرشەکان پێکەوە گرێدراون و لە دژی هێرشەکان بەرخۆدانی هەمەلایەنە دەکەن.

پاشان نوێنەری پارتی شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیست، مانۆن کریتیناند ڕاگەیاندراوێکی بە زمانی فەڕەنسی خوێندەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای فشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد، وڵاتانی ئەورووپای وەک فەڕەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد پێشێل دەکەن، جەختی کردەوە ئۆپەراسیۆنی نوێی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد دەستی پێ کردووە و وتی: “دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان یاسای شەڕ و مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێت، جوگرافیای کوردستان و گوند و گۆڕەپانە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە کوردییەکان زیاتر بوون، پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان ناڕەزایەتی نیشان بدەن دژی دەوڵەتی فەڕەنسا و بەلجیکا کە خۆیان وەک وڵاتی دیموکراتیک نیشان دەدەن”.

ب.گ

Comments are closed.