ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكی لە لوبنان بۆردوومان كرد

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر بارهەڵگرێكی سووتەمەنی لە نزیك بەعلبێك لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە شۆفێری بارهەڵگرەكە بریندار بوو، هەروەها زیانی زۆری ماددیش بە بارهەڵگرەكە گەشت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری نوێی سەبارەت بە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر بارهەڵگرێك لە لوبنان خستەڕوو.

ئاژانسەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیل بارهەڵگرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی لە ناوچەی دۆریسی سەر بە شاری بەعلبێك لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان كردە ئامانج.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ڕووداوەکەوە شۆفێری بارهەڵگرەكە بریندار بوو، هەروەها زیانی زۆری ماددیش بە بارهەڵگرەكە گەشت.

هاوکات، دوێنێ سوپای ئیسرائیل دەستپێكردنی “ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری” لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند و دووپاتیكردەوە، كە ٤٠ ئامانجی حزبوڵای لوبنانیان پێكاوە، ئەم هێرشانە لە كاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل زیادی كردووە.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، حزبوڵا و ئیسرائیل ڕۆژانە لە دەرەوەی سنوورەكان بۆردوومانی یەكتر دەكەن، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانەوە، لانیكەم ٣٨٠ كەس بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە لە لوبنان كوژراون كە ٢٥٢ كەسیان ئەندامی حزبوڵای لوبنان و ٧٢ كەسیان مەدەنی بوون، هەروەها ١١ سەرباز و هەشت هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلیش كوژراون.

هـ.ئ

Comments are closed.