دەوڵەتی تورک سزای زیندانی تاکەکەسیی بەسەر زیندانییانی ژندا سەپاند

ناوەندی هەواڵەکان

وەکو سزایەک لە بەرامبەر ئەوەی لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان مانیان لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن گرتووە، زیندانییانی ژنی زیندانی شاکران بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ سزای زیندانی تاکەکەسییان بەسەردا سەپێنرا.

زیندانییانی ژن لە زیندانی شاکران، لە دژی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەستیان بە چالاکی بایکۆتکردنی چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان  و ئەنجامدانی تەلەفۆن کردووە.

لەسەر ئەم هەڵوێستەیان لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لێپرسینەوەیان بەرامبەر کرا، لە چوارچێوەی لێپرسینەوەکاندا سزای ١١ ڕۆژ زیندانی تاکەکەسییان بەسەردا سەپێندرا.

هەریەک لە هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ـی ئیزمیر بەرنا چەلیک، ئایشە کایرا، ئەسما باشکالە، راشان ئایدن، مەسیح دەمیرالپ، عەزیمە ئیشک، مەهتاب کیار، هەدییە ئۆزتورک، فیگەن شاهین و ئەسمەر ئایاس، پێکەوە سزای١١ڕۆژ زیندانی تاکەکەسییان بەسەردا سەپێنراوە.

لە بەرامبەر ئەمەشدا زیندانییان تانەیان لە بڕیارەکە داوە و بە ناڕەوا لە قەڵەمیان داوە.

ب. ق

Comments are closed.