حسێن ڕابی: خوێندنەوەی زانستی بۆ بەرەوپێشبردنی فکر و ڕێگەنیشاندان زۆر گرنگە

سلێمانی

مامۆستایەکی زانکۆ لە بەشی زانستی فیزیا لە بارەی گرنگی زانستەوە دەڵێت: زانست ئەو بەشەیە لە هزر، کە بەرهەمی هەیە و کۆمەڵگەی زانستی بەوە لە کۆمەڵگەی نازانستی جیادەکرێتەوە، تا چەند لە کاتی کارەساتەکاندا پەنا بۆ هزر دەبات، دەشڵێت: بەبڕوای من خوێندنەوەی زانستی بۆ بەرەوپێشبردنی فکر و ڕێگەنیشاندانی تاک زۆر گرنگە

د.حسێن ڕابی، پسپۆڕی بواری فیزیایی تیۆری و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، مامۆستا لە بەشی زانستی فیزیا لە زانکۆی سلێمانی، زیاد لە بیست ساڵە مامۆستایە، لە هەمانکاتدا لە بواری بەگشتیکردنی زانستدا خەریکی کاری وەڕگێڕانە و زیاد لە چل کتێبی زانستی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی.

د.حسێن ڕابی، پسپۆڕی بواری فیزیایی تیۆری و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی لە بەشی زانستی فیزیا، ئەو زیاتر لە بیست ساڵە مامۆستایە و نووسەر و وەرگێڕە لە بواری بە گشتییکردنی زانستدا، لە بارەی گرنگی زانستەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز دەدوێت.

د.حوسێن ڕابی وتی: کۆمەڵگەی زانستی بەوە لە کۆمەڵگەی نازانستی جیادەکرێتەوە، کە بۆ دەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پەنا بۆ عەقڵ دەبات، لە ئەقڵیشدا پەنا بۆ عەقڵێکی ئەزموونکراو دەبات، کە بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکانی بیردەکاتەوە و تاقی دەکات و ئەزموون دەکات، ڕەنگە تاقیکردنەوە و ئەنجامی ڕێگە زانستییەکە نەتگەیەنێت بە ئەنجامی تەواو، بەڵام کەڵەکەبوونی ئەزموونەکە وادەکات جارێکی تر هەڵەی پێشتر دووبارە نەکەیتەوە و بگەیتە ئەنجامی باشتر.

وتیشی: کۆمەڵگەی زانستی وەڵامی ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان بۆ پرسیارەکان وەک وەڵامی تەواو وەردەگرێت و لەو ڕێیەوە هەوڵی ڕێگە چارەسەری دەدات، بە پێچەوانەی کۆمەڵگە خورافییەکانەوە، کە بۆ ئاسودەکردنی ویژدانی خۆیان و خۆبەدوورگرتن لە گەڕان بۆ وەڵامی پرسیارەکانیان پەنا بۆ ئەفسانە و خورافە دەبەن.

د. حسێن ڕابی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسە نمونەیەکی کورتی هێنایەوە و دەڵێت: کەسێکی زانستی کاتێک سەری دێشێت، ئەگەری سەرمابوون دادەنێت، بۆ چارەسەری ئەم سەرمابوونەش خۆی گەرم ڕادەگرێت، هەروەها ڕەنگە دەرمانێکی پزیشکیش بەکاربهێنێت، گەر چارەسەر نەبوو، پەنا دەباتە بەر ڕاوێژکردن بە پسپۆڕێک بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی، کە ئەمە ڕێگەیەکی زانستییە، بەڵام کەسێکی نازانستی و سەر بە کۆمەڵگەی خورافی، ڕەنگە وابیربکاتەوە، کە کەسێک نزای خراپی بۆ کردووە، بە چاوەوە بووە، یان لە ئەنجامی کارێکی خراپەوە بووە، کە تووشی ئەم کێشەیە بووە، ئەمە بۆ پرسێکی سادەی وەک سەرئێشە، بەڵام ئەی چی ئەگەر بۆ وەڵامی پرسە سەرەکییەکانی وەک سەرچاوەی گەردوون و دروستبوونی ژیان بگەڕێین؟.

ئاماژە بەوەش دەکات، وەڵامی زانست بێگومان هەمیشە لە ڕێی ئەزموون و دۆزینەوە و تاقیکردنەوەوە دێت و بەرەوپێشچوونی تێدا ڕوودەدات، بەڵام وەڵامی خورافی، یان عەقڵی ئەزموونکەراو، بەشێوازێک لە شوێنی خۆیان دەیانچەقێنێت و ناهێڵێت بەرەو پێشەوە بچن.

مامۆستاکەى زانکۆ باسی لەوە کرد، کە یەکێک لەو پسپۆڕییانەی، کە یەکەمجار”گالیلۆ” کاری تێداکردوە و لە ئێستادا “ڕیچارد داوکینز” و هەندێ زانای تریش کار لەسەر بواری بەگشتییکردنی زانستە دەکەن، واتە هێنانە دەرەوەی زانست لە ناو ئەکادیمیاکان و گۆڕینی زمانە ڕەمزی و گرێدارییەکەی بۆ زمانێکی سادەتر، کە خەڵکانی ئاسایی بتوانن تێیبگەن و گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵک لەسەر ئەم بابەتانە وادەکات، کە لە تێگەیشتنیان لە قۆناغی پێش گفتوگۆکە جیاواز بێت و بەرەو پێش بچێت.

حسێن ڕابی دەشڵێت: بەرهەمەکانی من جگە لەوەی، کە هەندێکیان بۆ فێربوونی تەکنیکی زانستین، زۆربەیان سەبارەت بە پرسی “سەرچاوەی ژیان و وەڵامی پرسیاری ئێمە بۆ لێرەین” ە.

بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە، بۆ ئەم بابەتانەش چوار کتێبی وەرگێڕدراو و نوسراوی خۆناساند کە قۆناغ بە قۆناغ وەڵامی ئەم پرسە دەدەنەوە، ئەوانیش ئەم کتێبانەن”ئاسمان و ڕێسمان، دیزاینی مەزن، ژیان لە لێوارەکان، جینی خۆپەرست”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە “کتێبی ئاسمان و ڕێسمان” کە لەنووسینی خۆیەتی، بۆ ئەوە نووسیویەتی، کە خەڵک وەک سەرەتایەک لە چەمک و بابەتە فیزیاییەکان تێبگەن، وتیشی: ئەم کتێبە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی، کە بتوانیت لە کتێبی دیزاینی مەزن تێبگەی، کە بەشێوەی زانستی باس لە پرسی سەرچاوەی گەردوون و مێژووی زانست دەکات و تێگەیشتنت بەرەو پێش دەبات، هەروەها کتێبی ژیان لە لێوارەکان، دەتوانێت میتۆدی دروستبوونی ژیان ڕوونبکاتەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، حسێن ڕابی، باسی لە کتێبی “جینی خۆپەرستی” ڕیچارد داوکینز وەک یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی بواری بەگشتیی کردنی زانست کرد و وتیشی: ئەم کتێبە سەرچاوەی ڕەفتار و مێژووی بایۆلۆجی مرۆڤمان بە باشترین شێوە بۆ ڕوون دەکاتەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەبارەت بە گرنگی خوێندنەوەی پەرتووک لەناو گەنجان و بەتایبەتی گرنگی خوێندنەوەی پەرتووکی زانستی، دکتۆر حسێن ڕابی وتی: خوێندنەوە قۆناغی هەیە، قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوەی هەواڵ و کۆکردنەوەی زانیارییە، بەڵام مرۆڤێک، کە گرنگی بە بەدەستهێنانی خوێندەواری دەدات، لە بابەتەکان قوڵدەبێتەوە، دەتوانێت خۆی پێش بخات لە ڕێگەی ئەم خوێندنەوەیەوە و بیکاتە سەرچاوەی ڕوونکردنەوەی پێشچاوی خۆی، تا بتوانێت بە ڕێگەیەک پێشکەوتن لەم جیهانەدا بەدەست بهێنێنت، بەڕای من خوێندنەوەی زانستی بۆ بەرەوپێشبردنی فکر و ڕێگەنیشاندانی تاک زۆر گرنگە.

هـ.ح

Comments are closed.