لەسەر کچێکی ئێزدیی فەڕەنسا هاوڵاتییەکی بە تاوانی جینۆساید دادگایی دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

ئەو ژنە بە ڕەگەز فەڕەنسییەی کە ئەندامی گرووپە چەتەکانی داعش بوو، لە سووریا کچێکی ئێزدیی کردبووە بە کۆیلە، لە فەڕەنسا بە تاوانی دژە مرۆڤایەتیی و جینۆساید تۆمەتبار کرا و دادگایی دەکرێت.

 سۆنیا م. کە هاوژینی ئەمیرێکی پێشووی داعشە و لە سووریاوە گەڕاوەتەوە فەڕەنسا، لە ١٤ـی ئادار لە فەڕەنسا بە تاوانی دژە مرۆڤایەتیی و جینۆساید تۆمەتبار کرا، لەسەر ئەوەی کە ژنێکی ئێزدیی کردووە بە کۆیلە.

ئەو کچە ئێزدییەی ئێستە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە تەمەنی ١٦ ساڵی لەلایەن بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی چەتەکانی داعش عەبدولناسر بەنی یوسف (ئەبو موسەنا)وە کڕدراوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی نزیکی لێکۆڵینەوەکەوە زانیویەتی، ئەمیرەکەی داعش بڕیاری گرتنی هەیە بە تاوانی هێرشێکی شکستخواردوو لە ساڵی ٢٠١٥ لە گەڕەکی ڤیلێجیوفی پاریس.

بەگوێرەی هەواڵەکان، ئەو کچە ئێزیدییە ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە بۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە لە دانیشتنی پێشووی دادگا لە مانگی شوبات، ژنە ئێزیدییەکە وتویەتی لە بەهاری ٢٠١٥ بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە سووریا ڕاگیراوە، بەبێ مۆڵەتی سۆنیا م. نەیدەتوانی بخوات و بخواتەوە و خۆی بشوات.

هەروەها کچە ئێزدییەکە ئاشکرای کردووە، سۆنیا م. دوو جار توندوتیژی بەرامبەر کردووە و دەزانێت هاوژینەکەی دەستدرێژی کردووەتە سەری.

سۆنیا.م کە لە ١٤ـی ئازاردا لەلایەن دادوەرێکی لێکۆڵینەوەی دژە تیرۆرەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، نکۆڵی کرد لەوەی توندوتیژی بەرامبەر کچەکە نواندبێت، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە هاوژینەکەی پێشووی “تەنها جارێک دەستدرێژی کردووەتە سەری”.

ئەو کچە ئێزیدییەی لە مانگی ئابی ٢٠١٤ لە باشووری کوردستان ڕفێندرابوو، فرۆشرابووە بنەماڵەیەکی داعش، لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی قڕکردن کرایە سەر شنگال و هەزاران کچ ڕفێنران و کرانە کۆیلەی ڕەگەزیی، هێشتا چارەنووسی چەندین ژن و کچ نازانرێت.

پارێزەری کچە ئێزیدییەکە، ڕۆمەین ڕویز، وتی: ئەگەر دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاربدات بەوەی کە سۆنیا م. لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی بکرێت، ئەوکات دۆسیەکە دەبێتە یەکەم دۆسیە کە بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێت.

ب.گ

Comments are closed.