ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان: ڕێگریی کردن لە بینینی سلێمان ئەحمەد سەرپێچی یاسایە

سلێمانی

دوای زیاتر لە شەش مانگ هێشتا چارەنووسی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە نادیاری ماوەتەوە، کە لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سلێمانیش دەڵێن: ڕێگریی کردن لە بینینی سلێمان ئەحمەد سەرپێچییەکی زەقی یاسایە، دەسەڵات هەموو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی لە دژی دەنگی ئازاد بەکاردەهێنێت بۆ مانەوەی خۆی.

ماوەی ١٨٩ ڕۆژە، سلێمانی ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن و هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخی تەندرووستییەوە نازاندرێت.

هاوکار عیزەت
هاوکار عیزەت

لەوبارەیەوە هاوکار عیزەت، سەرۆکی فیدراسۆنی و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بە ڕۆژنیوزی وت: دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هیچ کات ناتوانێت و مەبەستی نییە کەشێکی ئارام بۆ کاری ڕۆژنامەوانی فەراهەم بکات، لەگەڵ ئەوەی ئەم کەشە ئارامەی نییە هەمیشە فشارەکان و ڕێگرییەکان زۆرتردەبن، جۆری پێشێلکارییەکان زۆر زەقتر دەبنەوە.

وتیشی: پێشتر لە ڕێگەیی یاسا و دادگاوە بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان سزا دەدران، ئیستا بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک یان پاساوێک، بەبێ بوونی هیچ فەرمانێکی دادوەر ڕۆژنامەنووسان بەبێ پرس دەرفێندرێن بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەسوکار و شوێنی کار و دادوەرەکانیان لە زیندانەکاندا دەهێڵدرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەیسەکەی سلێمان ئەحمەد درێژەیی کێشا هەموومان لەسەر هێڵین و قسەمان تێدا کردووە بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بتوانین چارەنووسی دیاربێت، ئەگەر سزادراوە بە هۆکارێک با بزانین تا کۆتایی بەو زوڵمە بهێنرێت، بەرامبەر خۆی، خانەوادەکەی و هاوپیشەکانیشی کە ئێمەین.

لەبارەی ڕێگە نەدان بە سەردانی پارێزەرەکانی، ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: لە هەرێمی کوردستانین خاوەنی یاسایەکین دەڵیت، ئەگەر کەسێک بکوژ یان تۆمەتباربێت بە بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەریش ئاسایە، پارێزەری هەبێت بەڵام سلێمان ئەحمەد ئەو مافەشی لێ زەوت کراوە، ڕێگە نادەن پارێزەرەکانی بیبینێت، ئەمە سەرپێچیەکی زەقی یاساکانی بەرکاری هەرێمی کوردستان وعێراقە.

ئاکۆ شێخ محەمەد،
ئاکۆ شێخ محەمەد،

هەروەها ئاکۆ شێخ محەمەد، چالاکوانی سیاسیی بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەرکەسێک ئازادیی لێزەوت بکرێت پێویستە هەمووان بێنە دەنگ و داکۆکی لێبکەن، مرۆڤ بە ئازادیی لەدایک دەبێت، بۆچی ئازار بدرێت مافەکانی پێشێل بکرێت، ئەمە لە هیچ یاسایەکی وڵاتاندا جێگەی نابێتەوە، تەنها لەو دەسەڵاتەدا نەبێت کە دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرن وەک کۆریایی باکوور لە کوردستانیش وەک پەدەکە کەس ناتوانێت بە ئازادیی بۆچوونەکانی خۆیی دەرببڕێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانەی ناهێڵن خەڵک ئازاد بێت لە دەسەڵات و کورسییەکانی خۆیان دەترسن، هەموو شتێکیان لێ بووەتە دێوەزمە، کاتێک گەنجێک قسەیەک دەکات، هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کورسییەکانیان لە دەست دەرنەچێت.

ب. جـ

Comments are closed.