سروشت و سەرچاوە ئاوییەکان گوندی شەروێت دەکاتە سەیرانگایەکی سەرنجڕاکێش

پشدەر

شەروێت یەکێکە لە گوندە سەرنجڕاکێش و دێرینەکانی دەڤەری پشدەر کە هەر چوار وەرزەکەی ساڵی تێدا دەردەکەوێت، بەهۆی زۆری سەرچاوە ئاوییەکانی و هەڵکەوتەى جوگرافییەکەیەوە ڕێژەیەکی زۆری گەشتیاران ڕووی تێدەکەن.

کەم ڕۆژی هەفتە هەیە گوندی شەروێت بێ گەشتیار و سەردانیکەر بێت، سروشت و سەرچاوە ئاوییەکانی و هەڵکەوتەى جوگرافییەکەی هەلێکی باشی داوەتێ ببێتە سەیرانگایەک کە بەردەوام خەڵکی ڕووی تێبکات.

گوندی شەروێت یەکێکە لە گوندەکانی پشدەر کە بە تایبەتمەندیی و ناوازەیی سروشتەکەی بەناوبانگە، لە زستاندا بە بەفر و لە هاویندا بە کەشوهەوای فێنک، خۆی لە زۆر ناوچەی دیکە جیادەکاتەوە، لە ئێستاشدا ئەم گوندە بە بوژانەوەی کانیاوەکانی ڕەنگێکی زۆر جوان و دڵڕفێنی بە ناوچەکە بەخشیوە و بووەتە جێگای گەشتیارێکی زۆر.

شەروێت گوندێکی بە پیت و دەوڵەمەندە بە کشتوکاڵ، باخداری، ئاژەڵداری و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە کانیاو و کارێزی جوانە، لە ئێستاشدا و لە وەرزی بەهاردا گیای بەهاریی و دەرکەوتنی گوڵاڵە سوورە و بوژانەوەی کانیاوەکان ئەوەندەیتر ناوچەکەی ڕازاوەتر کردووە.

لەگەڵ ئەوەی شەروێت درەختی زۆری لێنیە، بەڵام هەبوونی ئاوی زۆر، فێنکی ناوچەکە و دیمەنی دڵڕفێنی وایکردووە ڕۆژانە خەڵکی ناوچەکە و دەورووبەری ڕووی تێبکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.

گوندەکە، لە دامێنى چیای سەرکەشی قەندیل لە باکووری خۆرئاوای شاری قەڵادزێ هەڵکەوتووە، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارەدێی ژاراوەیە لە دەڤەری پشدەر لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین.

ئەم گوندە لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی زودانی کۆن، لە باشوور لەگەڵ گوندی زودانی تازە، لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی مام ژیلە و لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ گوندی زوورکانی خواروو.

لە ئێستادا و لە وەرزی بەهاردا، دەشتە سەوزەکە و بووژانەوەی کانی و کارێزەکانی کە لە ناو گوندەکە و لە بن بەرد و هەر جێگایەکی گوندەکەوە هەڵدەقوڵێن دیمەنێکی جوان و دڵ ڕفێنی بە ناوچەکە بەخشیوە کە چاو لە بینیان تێرنابێت و ڕۆژانە وەکو سەیرانگایەکی گەورەی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییان ڕووی تێدەکەن و چێژ لە جوانییەکەی دەبینن.

گوندی شەروێت تا ئێستا ئاوەدانە و لە ئيستادا نزیکەی ١٢٠ ماڵی تێدا دەژی، زۆربەی دانیشتووانەکەی خەریکی کاری ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و بەخێوکردنی پەلەوەرن و هەبوونی ئاوی زۆر کاری بۆ هاوڵاتییانی گوندەکە ئاسان کردوە.

گوندەکە بووەتە سەرچاوەیەکى گرنگی دابینکردنى پێداویستییەکانى بازاڕ هەر لە بابەتى سپایی واتە شیرەمەنییەکان و پەلەوەر بەتایبەت بە پەلەوەری قاز ناوی دەرکردووە، هاوکاتیش بەرهەمی کشتوکاڵیان هەیە، بۆیە دانیشتوانی گوندەکە پشتی بەخۆی بەستووە بۆ پێداویستییەکانى و بەشێکی گرنگی بازاڕیشی پڕ کردووە لە بەرهەمەکانی.

نزیکی و باشی ڕێگای گەیشتن بە گوندی شەروێت وایکردوە کە قەرەباڵختر بێت و ئەوانەى بۆ سەیران و گەشت دەچنە گوندەکە بە شەویش بمێننەوە، ئەم قەرباڵخییە هەلێکی باشی بۆ دانیشتووانى گوەندەکەش ڕەخساندووە کە بەرهەمەکانی خۆیان بە گەشتییان ساغ بکەنەوە.

هـ.ح

Comments are closed.