ڕێبازی فاشیزم لە کۆمەڵکوژیی دێرسیمەوە تا مەتینا و گارا

ناوەندی هەواڵەکان

٨٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەوڵەتە فاشیست و داگیرکەرەکەى تورک کۆمەڵکوژیی گەلی لە دێرسیم لە باکووری کوردستان ئەنجامدا، لەو تاوانە گەورەیەدا دەوڵەتی فاشیست چەکی قەدەغەکراوی قڕکەری بەکارهێنا، ئەمە سەرەتای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو لەدژی گەلی کورد کە لەدێرسیمەوە دەستی پێکرد.

لە ئەنجامی بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوەدا دەیان هەزار کوردی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەو چەکە قەدەغەکراوە کۆمەڵکوژکران و دەیان هەزاری دیکەش ڕاگوێزران و بێ ماڵ و حاڵبوون.

سەرۆکە فاشیستە لەناوچووەکەى دەوڵەتى تورک مستەفا کەمال ئەتاتورک وەک میراتگری دەوڵەتى عوسمانى سەرەتا بە قسەکانى نەخشەى کۆمەڵکوژییەکانى کێشا، کاتێک وتی” هیچ نەتەوەیەک جگە لە نەتەوەی تورک لەسەر ئەم خاکە ناژی، بەپێچەوانەوە یان دەبنە تورک یان خزمەتکاری تورک”.

ئا لێرەوە دەوڵەتی قڕکەری تورک زیاتر لە سوڵتانە فاشیستەکانى پێش خۆی دەستى بە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی یەک لە دوای یەک کرد دژ بە گەلی کورد و نەتەوەکانى دیکەى تورکیا و باکووری کوردستان.

بۆ ئەوەى سیاسەتى توانەوە و قڕکردن لە تورکیادا پەرە پێبدات، ساڵی ١٩٣٤ ئەتاتورکی فاشیست یاسایەکی لەژێرناوی (سەرلەنوێ نیشتەجێ کردنەوە) دەرکرد، تا لەو ڕێگەیەوە ڕەوایەتی بدات بە هەموو ئەو تاوانانەى ئەنجامی دەدات کە بریتین لە بڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیا و تورکاندنی کورد و نەتەوە جیاوازەکانی تورکیا، تاکو ببنە تورک یان خزمەتکاری تورک.

ساڵی ١٩٣٥دەوڵەت دەستیکرد بە ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد لەزێدی خۆ و نیشتەجێکردنی لەشوێنی تر بەتایبەت لە ڕۆژئاوای تورکیا و هێنانی تورک بۆ شوێنی کوردەکان بەمەبەستی تورکاندن و گۆڕینی دیموگرافیا، ئەمەش بە ئامانجی تواندنەوەى کورد لەناو بۆتەى نەتەوەی تورکدا.

دێرسیم کە قەڵای تێکۆشان و خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد بوو لە باکووری کوردستان، ئەتاتورک لەوێوە دەستى کرد بە سیاسەتى تواندنەوە، سەرەتا هات ناوی دێرسیمی گۆڕی بە “تونجەلی” دواتر هەنگاوەکانی ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیا و کوشتن و بڕینی ئەنجامدا، هەموو ئەمانە بۆ تواندنەوەى کورد بوو لەناو بۆتەى نەتەوەى تورکدا.

ئەمجارەیان ئەتاتورکی فاشیست بڕیاری ژمارە ٨٨ى دەرکرد کە تێیدا بڕیاریدا دامەزراوەکانى دەوڵەت ئەوەی بۆ تواندنەوەى کورد پێیان دەکرێت بیکەن و سڵ نەکەنەوە، فەرمانی کرد دێرسیم و تەواوی خاکی کوردستان داگیر بکەن، ئەوەی بەرهەڵستکاری کرد لەناوی بەرن، ژینگە و خاکیان بشوێنن و وێرانی بکەن.

ئەم سیاسەتى توندنەوە و بە تورککردنە  گەلی کوردی هەراسان کردبوو کە خاکی کوردستان بە خوێنی گەشی تێکۆشەرە کوردەکان و هاوڵاتییانى مەدەن سوور ببوو، بۆیە لەکانوونی دووەمی  ١٩٣٧ کوردان لەدێرسیم نامەیەکی ناڕەزایەتییان نارد بۆ حاکمی ناوچەکە، بەڵام لەبری وەڵام نامەبەرەکانیان دەسگیرکرد و گولـلەبارانیان کردن.

ئەم تاوانە توڕەیی لەناو گەلی کورد لێکەوتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش  سەید ڕەزای دێرسیم سەرهەڵدانێکی چەکداریی لە ناوچەی دێرسیم بەرپا بکات لەدژی دەوڵەتی تورک و داوای لە سەرۆک هۆزەکانیش کرد، یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن و لەدژی دەوڵەتی تورک بووەستنەوە.

ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕاپەڕینی خەڵک دەستیپێکرد، لەچەندین شوێن کەمین و شەڕی چەکداریی ڕوویدا دژ بەهێزەکانی تورکیا، تێکهەڵچوون و شەڕ بەبەردەوامیی هەبوو، تورکیا زیاتر لە ٢٥هەزار سەرباز و چەکداریی کۆکردەوە لەناوچەی دەرسیم بڵاویکردەوە بەمەبەستی سەرکوتکردنی راپەڕینەکە، لەهەر شوێنێک بەرگریی هەبوایە دەوڵەتی تورک بەفرۆکە و تۆپ بۆردوومانی دەکرد و گوندو شارەکانیان وێران دەکرد، خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کۆمەڵکوژ دەکرد.

کۆمەڵکوژیی دێرسیم لە ٤ی ٥ی ١٩٣٧ دەستیپێکردووە، هەرچەند لەساڵی ١٩٣٨ دەوڵەت ڕایگەیاند گوایە کۆتاییان پێهێناوە، بەڵام بەنهێنی ئەو بڕیارەیان درێژکردووەتەوە  و لە دوای ڕاپەڕین دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی و بێ چەک کردووە، تا ساڵی ١٩٣٩کۆمەڵکوژییان درێژکردووەتەوە، بەسەرکردایەتی جەنەراڵێکی تورک بەناوی “عەبدوڵا ئالپ دۆغان”.

لەو کۆمەڵکوژییەداهەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە دژ بەخەڵکی دێرسیم تەنانەتە بۆ یەکەمجار چەکی کیمیایی بەکارهاتووە دژی کورد لەدەرسیم بوە، کە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ١٣هەزار و هەشت سەد کەس .

ئێستا دوای ٨٧ ساڵ دەوڵەتە قڕکەر و میراتگەرەکەى ئەتاتورک بەسەرۆکایەتى ئەردۆغانی فاشیست درێژە بە کۆمەڵکوژییەکانى لەدژی گەلی کورد دەدات و لە هەموو ناوچەیەکى کوردستان بە چەکی قەدەغەکراو سیاسەتى تواندنەوەى کورد جێبەجێ دەکات.

ماوەی چەند ساڵێکە سوپا داگیرکەرەکەى تورک لە لە چیا سەرکەشەکانى کوردستان بەتایبەت لە هەرێمەکانى گارا و مەتینا چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانى ئازادیی کوردستان بەکاردەهێنێت، هەموو ئەمانە بە ڤیدیۆ و پاشماوەى چەکەکان  و جەستەى برینداری گەریلا تۆمار کراون.

دەوڵەتى تورک ئەشکەوتەکانى هەرێمی گارا و مەتینای بە چەکی کیمیایی و فسفۆڕ بۆردوومان کردو شەهیدبوون و برینداربوونى ژمارەیەک گەریلا بەڵگەن لەسەر ئەوەى دەوڵەتى تورک چەکی قەدەغەکراوی دژە مرۆڤایەتی بەکاردەهێنێت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوردان کۆمەڵکوژ دەکات و لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان چەکی کیمیایی دژ بە گەریلاکانی ئازادیی و هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاردێنێت، ڤیدیۆی گریان و هاواری محەمەد کە منداڵێکی کورد بوو لە شارۆچکەى گرێسپی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە چەکی کیمیای بریندار کرابوو، جیهانى هەژاند.

هەر لە یەکەم کۆمەڵکوژیی کە لەلایەن دەوڵەتى عوسمانییەکانەوە تا مستەفا ئەتاتورک و تا ئەردۆغان، جیهان کوێر و کەڕ و لاڵە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەکات، لەکاتێکدا دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە وشەیەک سیاسەتى قڕکردنى دەوڵەتى تورک ئیدانە ناکەن.

هـ.ح

Comments are closed.