فەقێیان، گوندە سیحراوییەکەی دۆڵی ئاکۆیان

پێنجشەممە, 16 ينا 2020 – 08:25  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

گوندی فەقێیان بە پەنای دۆڵی ئاکۆیانەوە، زیاد لە هەموو کاتێک ئێستا چۆڵتر دەردەکەوێت، لەکۆی زیاتر لە ٣٠ ماڵ، تەنها نزیکەی پێنج ماڵێک بەدی دەکرێن کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن، بەڵام هاوینان گوندەکە جمەی دێت لە ئاوەدانی و زۆربەی گوندنشیان کە زستان دێت چۆڵی دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە ناوی.

گوندەکە بەدووری ١٣ کیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی ڕەواندوزی سەر بە پارێزگای هەولێرەوە، شوێنێكی گەشتیاری دڵگیرو دەوڵەمەند بە میوەو داری بەردار، لە هەرچوارلاوە بە شاخ و سەوزایی دەورەدراوە.

گوندەکە بە ڕەزو دار گوێزو دار چنار دەوڵەمەندە، کانیاوی بەخوڕ و سازگاری هەیە، چەند ساڵێکە گەشتیاری هاوینە ڕووی تێدەکات، بەڵام هێشتا وەک پێویست بۆ خەڵکی ئاشنا نییە و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بایەخی پێویستیان پێنەداوە و نەبوونی خوێندنگەو بنكەی تەندروستی و ڕێگەوبان و كارەبای بەردەوام، وایكردووە گوندەكە بەرەو چۆڵ بوون بڕوات، سەرباری لەباری بۆ گەشتوگوزاری زستانەو هاوینە، بەڵام حكومەت كەمترین بایەخی بەو گوندە داوە، تەنانەت قوتابخانەی سەرەتایی تێدا نییە.

ئیسماعیل نەجم، مامۆستای ئایینی خۆبەخشی گوندەكەیە و تەنیا لەهاوینان پێشنوێژی و وتارخوێنی دەكات، چونكە لەوەرزەكانی تردا گوندەكە چۆڵە و وتاری هەینی تێدا نادرێت، مامۆستا دەڵێت: حكومەتی هەرێم بەرپرسە لە چۆڵبوونی گوندەكەیان، چونكە لەجیاتی ئەوەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان دابین بكات، دانیشتوانەكەی لەلایەن حكومەت و حیزبەكانەوە كران بە پۆلیس و پێشمەرگە و مووچەخۆر و بەرەو شارەكان ڕاپێچی كردن، ئەمەش وایكرد خەڵك دەستبەرداری ئاژەڵداری و كشتوكاڵكردن بێت و گوندەكان چۆڵبكرێن.

هۆگر فەقیانی، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و باس لە مێژووی شارستانیەتی گوندەكەی دەكات و دەڵێت لەدێرزەمانەوە خوێندن و خوێندەواری لەگوندەكەیاندا هەبووە، بەڵام لەسەردەستی حكومەتی هەرێم خوێندن لە گوندەكەیاندا وەستاوە، دەشڵێت: لەمێژووی شۆڕشەكانی كوردا، دانیشتوانی گوندەكەی لەڕیزی پێشەوەی خەباتگێڕان بوون و بەدەیان شەهید و ئەنفالیان هەیە.

هۆگر، دەشڵێت: لە کاتی بوونی ڕژێمی بەعسدا تەنیا لە گۆڕێكدا حەوت كەسی گوندەكەیان بەیەكەوە ژێر خاك كراون کە کۆمەڵکوژکراون، بەحەسرەت و نیگەرانیشەوە، دەڵێت: حكومەتی هەرێم لەئاست ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گوندەكەیاندا نەبووە.

ک.س

Leave A Reply