“پێویستە حكومەت سزای ئەو کەسانە بدات کە سروشت دەشێوێنن”

یەكشەممە, 9 أبر 2017 – 11:47 

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار

بەرپرسی ڕێكخراوێكی ژینگەیی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەو تاكانەی كۆمەڵگا، كە بیرناكەنەوە و دەبن بەهۆكار بۆ شێواندنی سروشت و ڕێز لە خوێن و ڕوحی شەهید ناگرن، دەبێت حكومەت لەڕێگەی یاساوە سنوور بۆ دەستدرێژییەكانیان دابنێت و سزایان بدات.

ئەوەی مایەی نیگەرانییە و زۆرتر لە وەرزی بەهاردا بەدی دەكرێت، پیسبووی شوێنە گەشتیارییەكانە، بە تایبەت دوای ئەوەی گەشتیار گەشت دەكات، ئەو شوێنەی كاتەكانی لێ بەسەردەبات، دوای پیسبونی خاوێنی ناكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەكات، بەداخەوە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان ئەم حاڵەتە زۆر بەدی دەكرێت.

سەروەر قەرەداغی هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان سەبارەت بە پرسی پیسبونی ژینگە لە لایەن گەشتیارانەوە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: دەبێت تاكی كورد و گەشتیاران، كە ڕوو لەناوچە گەشتیارییەكان دەكەن، هەمیشە وا بیر بكەنەوە، كە ئاووهەوا و خاكی كوردستان خوێنی پێشمەرگە و گەریلای تێكەڵ بووە، وا بیربكەنەوە، كە پاراستنی سروشت، ڕیزگرتنە لەخوێنی شەهیدان.

سەروەر قەرەداغی وتیشی: دەبێت پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستان، ببێت بە باوەڕ، ئەوكات سروشتی كوردستان پارێزارودەبێت، بۆ ئەو تاكانەی كۆمەڵگا، كە بیرناكەنەوە و دەبن بە هۆكار بۆ شێواندنی سروشت و ڕێز لە خوێن و ڕوحی شەهید ناگرن، دەبێت حكومەت لەڕێگەی یاساوە سنور بۆ دەستدرێژییەكانیان دابنێت و سزایان بدات، بەڵام حكومەت كەمتەرخەم و بێ باكە لەئاست پرسە ژینگەییەكاندا.

هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، پیسبونی ژینگە لەهەرشوێنێك بێت، كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان و تەندروستی تاك، حكومەت نەك پلانی نەبووە بۆ بەستنەوەی – ژینگە و تەندروستی- پێكەوە، ئەسڵەن دەرگای كردوەتەوە، كە پاشماوە پزیشكییەكان و ئاوەڕۆی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەكان تێكەڵ بە ئاو و هەوا و خاك ببێت، ئەمە كارەساتێكی زۆر زۆر گەورەیە، لە داهاتویەكی زۆر نزیك تاكەكانی كۆمەڵگە بە ژیانیان باجی دەدەن.

هەروەها ناوبراو ئەوەشی وت: لە ڕووی چالاكی و كەمپینەوە، لە سەر ئاستی تاك و تەنانەت ڕێكخراویش – ژینگە و تەندروستی- مان پێكەوە بەستوەتەوە، پەیامی جیاوازمان لەمڕووەوە گەیاندووە، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونكە مەترسییەكان زۆر لەوە زیاترە، كە ڕێكخراوەكان بە تەنها كاری لەسەر بكەن.

سەروەر جەختی لەوەش كردەوە، پێویستە هەمومان پێكەوە وەك تاك، پەرلەمان، حكومەت، میدیا، ڕێكخراوەكان، كەرتی تایبەت، كاربكەین بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی هەرێمی كوردستان.

د.خ

Leave A Reply