کۆبوونەوەى کەمال کڵچدار ئۆغلو لەگەڵ هاوسەرۆکانى هەدەپە دەستیپێکرد

کەمێک بەرلە ئێستا کەمال کڵچدار ئۆغلو لە شارى ئەنقەرە سەردانى بارەگاى هەدەپەى کرد و لەگەڵ هاوسەرۆکانى هەدەپە کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەى هەردوولا گفتوگۆ لەبارەى هەڵبژاردنەکانى داهاتووی تورکیا و مەرج و داواکارییەکانى هەردوو لایەن دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکى جەهەپە لەم سەردانەدا بە فەرمی داوای پشتیوانى لە هەدەپە بکات.

میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، کەمێک بەر لە ئێستا کەمال کڵچدار ئۆغلو سەرۆکى جەهەپە و کاندیدی سەرۆک کۆمار لە ئەنقەرە سەردانى بارەگای ئەنجومەنى گشتى هەدەپەى کرد و لە ئێستادا هەردوولا لە کوبوونەوەدان.

بەپێى هەواڵى میدیاکان و چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکى جەهەپە لەم سەردانەدا بە فەرمی داوای پشتیوانى لە هەدەپە بکات و لەبەرامبەریشدا هەدەپە داواکارییەکانى خۆی دەخاتەڕوو.

ئەم سەردانەى کەمال کڵچدار ئۆغلۆ بۆ لای هەدەپە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگی نەورۆزی شاری ئامەد، کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوە بچێت، پێشبینی ئەوە دەکرێت هەدەپە و هاوپەیمانى ڕەنج لەو ئاهەنگەدا هەڵوێستى خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەنێت.

هاوکات، بڕیار بوو هەفتەى ڕابردوو کەمال کڵچدار ئۆغلوو سەردانى هەدەپە بکات، بەڵام لەسەر داوای هەدەپە کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ.

جێگەى ئاماژەیە، کەمال کڵچدار ئۆغلو سەرۆکى جەهەپە و کاندیدی شەش لایەنى ئۆپۆزسیۆنى تورکیایە بۆ پۆستى سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ ئەوەش چاویان لەدەنگ و پشتیوانى هەدەپەیە لە باکوردستان، بەڵام هەدەپە مەرجی خۆی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە کڵچدار ئۆغلوو.

ئ.م

Comments are closed.