مەزڵوم عەبدی داوایەك لە گەنجان دەكات

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات – قەسەدە ڕایگەیاند، ئەو نۆ هەڤاڵەی لە باشوری كوردستان شەهیدبوون، ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە شەڕەكانی دژ بە تیرۆر و داگیركەران، داواشی لە گەنجانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كرد، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان، بەشداری هێزەكانی قەسەدەبن.

ئەمڕۆ لە مەراسیمی ماڵئاوایكردن لەو نۆ شەڕڤانەی بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكانیان لە باشووری كوردستان شەهیدبوون، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیمورات – قەسەدە وتارێكی پێشكەش كرد.

لە سەرەتایی قسەكانیدا عەبدی وتی: بەناوی فەرمانداری قەسەدە و گەلی خۆمانەوە سوپاسی ئەو كەسانە دەكەین هاوكارمان بوون بۆ گەڕانەوەی تەرمی شەهیدەكان لە باشووری كوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموکرات وتیشی: ئەمڕۆ، نۆ قارەمانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێدەكەین، كە پێشەنگی شەڕەكان دژ بە تیرۆر و داگیركەرانیان دەكرد، بەم بۆنەیەوە هەڤاڵانی خۆمان و شەهیدان دڵنیا دەكەینەوە، لە دژی تیرۆر خەباتی خۆمان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەین.

ئەوەشی وت: لەم بۆنە خەمناكەدا بانگەوازی لە هەموو گەنجانی كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكەین، كە بەشداری ڕیزەکانی قەسەدە ببن و دەستکەوتەكانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن و بەردەوامی بە شۆڕ بدەن.

مەزڵوم عەبدی لە كۆتایدا وتی: لە خزمەت تەرمی ئەم نۆ شەڕڤانەدا دەڵێم، ئەو ئاڵایەی ئێوە بەرزتان كردەوە نایەڵین نەوی ببێت و هەڤاڵی ئێوە ئاڵاكە بەرز دەكاتە و بە دروشمی “شەهید نامرێ و نامرن” كۆتایی بە وتارەكەی هێنا.

س.س

Comments are closed.