پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاكان و پەرلەمانی پەسەند كرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان دا، کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧بۆ پارێزگای كەركوك دەکرێتە بنەمای هەڵبژاردنەکان.

شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە بۆ یەكلایكردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و گرژی نێوان فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەكە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، دواتر بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان پەسند كرا.

سەرۆكاییەتی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردوە، دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو بوو، بەشێوەیەك تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایی كەركووك لابران، بۆ یەكەمجارە لە دوای ٢٠٠٣وە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەكرێتە بنەما بۆ دەستنیشان كردنی هاوڵاتیانی شارەكە،  هەروەها ناوچەی سەرگەڕان دیسان دەبنە بەشێك لە خەڵكی شارەكە و مافی دەنگدانیان دەبێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوانەی ماددەی ١٤٠یان كردووە یان تەنها مامەڵەیان پێشكەش كردووە مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها ئەوەی پێش ٢٠٠٣ لە كەركووك بووە و ناسنامەی باری شارستانی شارەكانی دەرەوەی كەركووك بوون، بەڵام فۆڕمی كەركوكییان هەیە دیسان مافی دەنگدانی هەیە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردوە، هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هێنراونەتە كەركووك و بە ئامانجی سیاسەتی بەعەرەبكردن ناویان سڕاوەتەوە و لادەبرێن و مافی دەنگدانیان نییە.

پەرلەمانتارە سەربەخۆكان و بەشێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كرد، بەو هۆیەشەوە گرژی لە ناو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو، دواجار سەرۆكی پەرلەمان هێزە ئەمنییەكانی بانگ كردە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی پەلەمانتارە ناڕازییەكان بكەنەدەرەوە، لە كۆتایدا پڕۆژە یاساكە بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند كرا.

هـ.ئ

Comments are closed.