نەبوونی پزیشک و پێداویستییە پزیشکیەکان کێشەى لە نەخۆشخانەکانى سۆران دروستکردووە

سۆران

هاوڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەدەست نەبوونی پزیشکی پسپۆر و چاودێری چڕ و نەبوونی ئامێرەکانی پشکنین لە نەخۆشخانەکان دەناڵێنن و داوا دەکەن حکومەتی هەرێم ئاوڕێکی جددی لە کەرتی تەندروستی ئیدارەی سۆران بداتەوە، نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستانیش دەڵێت: نزیکەی حەوت هەزار شوین بەتاڵن و فەراغی کارمەندی تەندروستی و پزیشک و کارمەندی تەندروستیان هەیە.

ئەگەرچی نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری نەخۆشخانەیەکی گەورەیە لە سەنتەری شارۆچکەى سۆران، ساڵی ڕابردووش بەشی چاودێری چڕی تێدا کرایەوە، بەڵام تاکو ئێستا یەک نەخۆش لەو بەشە نەخەوێنراوە و بەشەکە بە داخراوی مایەوە، هاوکات، ئامێرەکانی پشکنین کار ناکەن و نەخۆش دەبێت بچێتە شارەکانی دیکە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی سۆران دروستکردوە.

فریاد شێرکاوەیی

لەوبارەوە، فریاد شێرکاوەیی، کە یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی گرفتاری نەبوونی دەرمان و پێدوایستی پزیکشی و پزیشکی پسپۆر بووە، وەک خۆی دەڵێت: نەبوونی پزیشکی پسپۆر و ئامێری پشکنین گرفتی سەرەکی بەردەم هاوڵاتیانی ئیدارەی سۆرانە، کەمترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت.

فریاد باسی لەوەکرد، چووەتە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، بەڵام هیچ خزمەتگوزاریەکی تەندروستی تێدانیە، پشکنین و چاودێری چڕ و بەشە گرنگەکانی تێدانیە و هاوڵاتی ناچارە بچێتە شارەکانی دیکە یاخوود سەردانی نۆرینگە تایبەتیەکان بکات، هەموو کەسێکیش توانای نیە، چونکە باری دارایی خەڵک باش نیە.

سەرەڕای نەبوونی ئامێرە پێشکەوتوەکانی پشکنین و بەشە گرنگەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا، هاوکات، نەبوونی پزیشکی پسپۆڕیش گرفتێکی ترە، لەکاتێکدا نەخۆشخانەی ئاشتی و بنکە تەندروستیەکانی سنورەکە پێویستیان بە کارمەندی تەندروستی و پزیشکی پسپۆر هەیە، بەڵام کارمەندانی خۆبەخش جێگەی ئەوانیان پڕکردووەتەوە.

دڵنیا سەمەد

دڵنیا سەمەد، کە دەرچووی بەشی پەرستارییە لە بەشی لەدایکبوونی منداڵان، ماوەی دوو ساڵە بەشێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەی لەدایکبونى منداڵانی سۆران کاردەکات، وەک خۆی دەڵێت: پیشەی پەرستیاری پیشەیەکی گرنگ و پیرۆزە، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە لە ئاست دابینکردنی مافەکانی ئێمە و ئەم هەموو کارە بەخۆبەخشی جێبەجێ دەکەین، کەچی حکومەت ئامادە نیە دامانبمەزرێنێت.

دڵنیا وتیشی: ئێمەی پەرستار و کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش، بۆشایی پزیشکان و کارمەندانی بەشە جیاجیاکانمان پڕ کردووەتەوە، لە زۆرێک لە بەشە جیاوازەکانی تەندروستیش لە سۆران بۆشایی هەیە، بەڵام حکومەت ئێمە دانامەزرێنێت، هەربۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین دەرفەتی دامەزراندنمان بۆ بڕەخسێنێت.

جەبار ڕەحیم

هەروەها، جەبار ڕەحیم، نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز باس لە دیوێکی دیکەى قەیرانى تەندروستى لەزۆربەى ناوچەکان دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراندن ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان بێکارن و لەماڵەوە دانیشتوون و لەو ڕێژەیە ١١ هەزار کارمەندی تەندروستی و پەرستیار بەشێوەی خۆبەخش لە کەرتە جیاوازەکانی تەندروستی خزمەت دەکەن.

نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان وتیشى: ئێمە زانیاریمان هەیە لەکۆی دامەزراوەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت هەزار شوین بەتاڵن و فەراغی کارمەندی تەندروستی و پزیشک و کارمەندی تەندروستیان هەیە.

دەشڵێت: لە ئێستاشدا هیوایەک هەیە بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک لەو کارمەند و پەرستیارانە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەیەوێت دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا ئەو فەراغە پڕ بکاتەوە و کارمەند و پەرستارانی تەندروستی دابمەزرێنێت.

ئ.م

Comments are closed.