بودجەی عێراق هەرێم هەڵدەوەشینێتەوە

د.كامەران مەنتك
ئەگەر خەنجەرت لە پشتی خۆت دیت، بزانە خەڵكیش پیاوە (رەسول هەمزەتۆڤ)
ئەو بەخ ولەخۆباییبوون ولووتبەرزییەی پارتی، ئەو تاكڕەوی وبێمنەتیەی لەهێزو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی، كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەكانی تر بكاتەوە وهەوڵبدات كەشێكی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتە بەرهەم، رۆژ بەرۆژ زیاتر رقو كینە لەناو كۆمەلگەی كوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەكوڵێت وخەڵك ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بكات، تەنیا لەدەست ئەو لووتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەكێتی رزگاری ببێت، دیارە یەكێتیش لەپارتی كەمتری نەكردووە، بەڵام لە ئێستادا یەكێتی وەك ئەسپێكی بریندارو زوڕهانێكە لەسەرەمەرگدایەو پەل دەهاوێژێت، بۆیە لەكایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەكردن ودەست بردن بۆ هێڵە نیشتمانیە سوورەكان، ناتوانێت هەلوێستێكی تری هەبێت، هەموو رەفتارەكانی یەكێتی لە قۆناغی ئێستادا پەرچەكردارە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەكێتی رەخنە لەپارتی بگیرێت، كە كوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە.
لەو ماوەیەدا خەڵكی كوردستان بەداخەوە ئومێدێكی تراویلكە ئاسایی بە پرۆژەی بۆجەی ئێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو رێكەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا( لەنووسینیكدا بە ملكەچ بوون نامە پێناسەم كرد) دەتوانێت دەروویەكی خێری لێبكاتەوە وهەناسەیەك بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بینێتەوە، كەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقەوە لەو مادانە كراوە، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە وقەیرانەكە گەورەتر دەكات، بەشێویەەكی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد دەكاتە دوو هەرێمی جیاواز، بەشێوەیەك لە شێوەكان زیندووكردنەوەی هەمان ئەو رێكەوتنەیە لە ساڵ2023 تاڵەبانی لەگەڵ ئەمریكیەكانی كرد، كاتێك ئیمزای لەسەر فیدراڵی پارێزگاكان كرد، دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی وپارێزگای رازی داهینانێكی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتكردنەی هەرێم، هاوكات مەسەلەی دانەوەی 10% مانگانە، لە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەكی ترسناكە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەو هەوڵێكە بۆ سڕكردنی خەڵكی كوردستان، كە هەموو یارییە قێزەونەكان لەلایەن هەولێرو بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵكی كوردستان دەگوزەرێت.
لە راستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەداموزەگاكانی هەرێم وهێزەكان وخەڵكی كوردستانی دەكات، ئەوەی لێدەكەوێتەوە وهەر ئەو هەلوێستەی لێچاوەڕوان دەكرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لەپەرلەمان روویدا ئەو یارییە دزێو ومناڵانەی لە پەرلەمان كردیان، بەرهەمەكەی واژووی یەكێتی بوو لەسەر ئەو بۆجەیەی، كە هەوڵیكی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، كورد دەڵێت، ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بكەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەكێتیش لە رقی پارتی خۆی هەلدەدێرێنت وهەموو كوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانكاری دەكات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە نا شارستانیە سیاسیەی هەرێم رابگیرێت وبەرژەوەندی خەلكی كوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!.
بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بكرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا كراوە،(دیارە ئەگەر نەكرێت كارەساتەكە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی كورد لە جیاتی بایكۆت وپشتتێكردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ دروست بكەن ولە دەرەوەی ئەو هێزانە كوردسی بەدەست بێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پیم وانییە، یەكێتی وپارتی دیسان بە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز هاوسەنگی كۆن رابگرن، چونكە كۆمەڵێك هێز لە دەرەوە وەستاون وچاوەروانی كارێكی لەو شێوەیە دەكەن، بۆئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، كە رەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش پێشوازییان بكات، وەك پەرچە كردارێك بۆ حوكمی سەقەتی سی سالەی ئەو دوو حیزبە و لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوینە هەستیارەكانی هەرێم بخەنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە رەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بۆجە بدات، پارتی وەك گەڕاندنەوەی رێز، دەست بەرداری هەندێك شت بێت بۆ یەكیتی ورازی بكات، بەلایەنی كەم لەمەسەلەی دانیشتنەكەی پەرلەمان وكاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەرچەندە پەرلەمانی ئێراق، بەو پێكهاتە سیاسی وئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەر ناكەم دەرەفەتێكی وا لەدەست بدات، كە بەوردی كاری بۆ كردووە، بەڵام لەهەموو دۆخەكاندا هەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەست دایە، كەسی خنكاو ئومێد لەسەر كەلە پووشێكیش دەچنێت!.

Comments are closed.