زیلان ڤەژین: پەیماننامەی لۆزان تەنها بە یەكێتی نەتەوەیی كوردان هەڵدەوەشێتەوە

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پەژاك لەبارەی تێپەڕبوونى ١٠٠ساڵ بەسەر پەیماننامەى لۆزاندا دەڵێت، پەیماننامەی لۆزان تەنها بەپێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردان هەڵدەوەشێتەوە، دەشڵێت: کورد ئیدی کوردی پێشوو نییە، بەڵکو هۆشیار بووەتەوە و بووە بە خاوەن هەبوون و شەڕی مانەوەی خۆی دەكات.

هاوسەرۆكی پەژاك، زیلان ڤەژین لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، سەبارەت بە ١٠٠ ساڵەى پەیمانی لۆزان دەدوێت و هۆشدارییەک دەدات بە گەلی کورد.

ڤەژین دەڵێت: لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا، كوردانیان بەهەموو چەشنێك ڕووبەڕووی قڕكردن و لەناوبردن و پاكتاو كردووەتەووە، لەناوەڕۆكدا ئەو پەیماننامەیە بۆ پارچەكردنی خاكی كوردستان نەبوو، ویستیان بەو پەیماننامەیە كوردان لەهەموو بوارێكدا بەتایبەتی لەڕووی رۆحی، هزری، سیاسی، كلتوری و ئابوری و بەكۆمەڵگەبوون و دەروونی، پارچە و  پاچە بکەن  و گەلێكی بێ ناسنامە و بێ ئیرادە و بێ زمان و چاندی لێ دروست بکەن.

زیلان ڤەژین ئاماژەى بەوەشکرد، لەم سەد ساڵەدا هەوڵیاندا لەڕووی زیهنیی، رۆحیی، ئابوریی، چاندیی، سیاسیی، هزریی، كۆمەڵایەتیی، جوگرافیی، خاك، زمان و ناسنامە، هەبوونی كوردان بسڕنەوە و لەناوی ببەن، بەو شێوەیە لەبنەڕەتەوە دەیانویست شتێك بەناوی كورد و كوردستان و نەتەوەیەكی بەناوی كورد ئیدی نەمێنێت، سیاسەتێكی وایان بەهەموو شێوازێك لەلایەن هەر چوار دەوڵەتی ستاتۆپارێزوە بەسەر كوردان پیادە كرد.

ئەو باسی لەوەشکرد، ئێران، سوریا، عێراق و توركیا ئەوەی ویستیان بەسەر كوردانیاندا هێنا، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ٥٠٠ ساڵە داگیركاریی بەڕێوەدەچێت و ئاسەوارەكانی ئەو داگیركارییەش زۆر قووڵە لەبەشەكانی تری كوردستان، پەیماننامەی لۆزان تەنیا بەپێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتیكی كوردان هەڵدەوەشێتەوە.

زیلان ڤەژین باس لەوە دەکات، ڕەنگە لەكۆڵانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هاوار كەمتر بووبێتەوە، بەڵام ئیدی مێشك و چاوی ئەو مرۆڤانەی دەبینن و بیر دەكەنەوە هی پێشتر نیین، ئیدی ئەو چاو و زیهنە هی شۆڕشن و ئەوانەش گرنگن، هەموو كۆمەڵگەی ئێران لەم شۆڕشەدا بوون بە یەك، هەموو كێشەكانیان هێنایە لای یەكتر و خستیانە گفتوگۆوە و ڕێگا چارەسەریان بۆیان داڕشت، تێكۆشانێكی زۆریان بەڕێوە بردووە و قوربانییەكی زۆریان بەخشیوە لەو پێناوەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە شۆڕشێك خوێنی تێدا ڕژا بێت، ئەوا گەڕانەوەی بۆ دواوە زەحمەتە.

لەبەشێکی دیکەى قسەکانیدا هاوسەرۆکى پژاک ئەوە ڕووندەکاتەوە، لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا زۆر شت گۆڕانی بەسەردا هاتووە، زۆرینەی سیاسەتەكانیان مایەپووچ بوونەوە و لەبنەمادا كوردێك هەستی بەوە كرد كە كوردە، خاوەن ناسنامەیەكی كوردییە و وڵاتی كوردستانە و بە پێویستی دەبینی كە ببێتە خاوەن هەبوونی خۆی كە كورد و كوردستانی بێت، بۆیەش لەم سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، زۆرێك لەو ئامانجانەی دوژمن بۆ خۆیان دایانڕشتبوو، وەكو كۆمەڵكوژكردن و لەناوبردن و قڕكردن و تواندنەوە و بێ ناسنامە هێشتنەوە تا ئاستێك توانیان بەسەركورداندا بیانسەپێنن، بەڵام بەدەركەوتنی رێبەر ئاپۆ ئەوانە هەموو مایەپووچ و بێ كاریگەر بوون.

هەر لەچاوپێکەوتنەکەیدا زیلان بەمجۆرە دوا و وتی: بێگومان ئەگەر ئەمڕۆكە دەرئەنجامەكانی ئەو پەیماننامەیە سەیركەین، ئەوا سەد ساڵمان بەدوای خۆماندا بەجێ هێشت و ئێستاكەش كە سەد ساڵی ئەو پەیماننامەیە بەكۆتا هاتووە، لەساڵێكی زۆر گرنگ و چارەنووسسازدا دەژین، بەڕاستی تێكۆشان لەئاستێكی هەرە بڵنددا پێویست دەكات و لەهەمانكاتدا بۆ مایەپووچ بوون و بێكاریگەر هێشتنەوەی ئەو پەیماننامەیە فیداكاریەكی زۆر و پێشەنگایەتیەكی زۆر لەلایەن گەلەوە پێویستە، هاوپەیمانی و یەكڕیزی و پشتیوانی یەكتر كردن پێویستە.

هەروەها هاوسەرۆکى پژاک ئەوەشی وت: ئیدی ئەو پەیماننامەیە ناتوانێت هاوشێوەی سەد ساڵ لەمەوبەر بەرێوەبچێت، كورد ئەمڕۆ بوونەتە خاوەن هزر و فەلسەفەی خۆیان، بوونەتە خاوەن ئایدۆلۆژیا و سیستەمی تایبەت بەخۆیان، كوردان ئیدی بوونەتە خاوەن ئیرادە و ناسنامە، بەو چەكانە ئیدی شەڕ و تێكۆشان دەكەن، هەرچەندە هێزە داگیركەرەكان ئەو پەیماننامەیان بەسەر كوردان سەپاندووە و هێشتاش لەسەر كارن.

هەر سەبارەت بە ڕۆڵ و کاریگەریی کورد هاوسەرۆکى پژاک وتیشی: کورد هۆشیار بووەتەوە و بووە بە خاوەن هەبوون و شەڕی هەبوونی خۆی دەكات و هەبوونی خۆی قازانج كردووە و ئێستاكەش ئەو كوردە تێكۆشان و بەرخۆدان و شەڕی ئازادی خۆی بەرێوە دەبات، پێش سەد ساڵ كورد نەیدەتوانی تێكۆشان و بەرخۆدانی و شەڕی هەبوون بەڕێوە ببات و تەنانەت نەیدەتوانی بڵێ من بوونم هەیە، پاش ئەو سەد ساڵە و بەتایبەتی لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا شەڕی هەبوونی قازانج كردووە و ئێستا شەڕی ئازادی خۆی بەڕێوە دەبات.

هـ.ح

Comments are closed.