هاوڵاتیانی باشووری کوردستان: بەشداریکردنى بارزانى لە مەراسیمى سوێندخواردنى ئەردۆغان خیانەتە

گەرمیان

بەشێک لە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان، لەدژی سەردانی نێچیرڤان بارزانین بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی ئەردۆغان و دەڵێن: شەرمەزارییە بۆ سەرۆکی هەرێم و لە لاپەڕەکانی مێژوودا بەخیانەتکار ناوی دەنووسرێتەوە و بەشدارە لە تاوانەکانی ئەردۆغاندا، دەشڵێن، هەرکەس بە شان و باڵی داگیرکەراندا هەڵبدات و وەکو ڕابەری خۆی سەیری بکات، ئەوا دۆڕاوە.

دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی ٢٨ی مانگى ڕابردوو، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کردووە و لەسەر داوای ئەردۆغان بڕیارە لە رێوڕەسمی سوێند خواردنیدا بەشداربێت و چەپڵەی سەرکەوتن بۆ داگیرکەر و خوێنڕێژی کوردان لێبدات.

هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە، ئەگەری مەترسی داگیرکاری لەسەر کوردان زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێمى کوردستان لەبرى پێکهێنانی یەکڕیزی گەلی کورد و بەشداریکردن لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، پشت لە گەلی کورد دەکات و دەست دەخاتە ناو دەستی داگیرکەرانەوە.

سەباح محەمەد
سەباح محەمەد

 لەو بارەیەوە سەباح محەمەد، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە بۆ ڕۆژنیوز وتی: نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەردۆغان دەکات، ئەو کەسەی ئاشنایە بە زوڵم ستەم لە گەلی کورد، ئەمە شەرمەزارییە بۆ سەرۆکی هەرێم، لەجێی ئەوەی لەگەڵ پارتە کوردییەکان پێکبێت، کەچى پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات، کە بەڵێنی داوە بەردەوامبێت لە داگیرکردنی تەواوی کوردستان.

ئەو هاوڵاتییە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم کارەی نێچیرڤان بارزانی گەورەترین خیانەتە بەرامبەر گەلی کورد، لە پێنج ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەرۆغانیشدا، ئەوانەی، کە پشتیوانی دەکەن و هاوسۆزی بۆ دەڕدەبڕن بەشداری تاوانەکانی ئەردۆغان دەبن، لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە خیانەتکار و زاڵم ناویان دەنووسرێتەوە و لە قەڵەم دەدرێن.

ئەردۆغان وەکو لەناوبەری کوردان، لەماوەکانی ڕابردوودا، دەستی هەبووە لە خاپوورکردنی سەدان گوند، داگیرکاری لەباشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، چەندین جۆر چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، بە مەبەستى کۆمەڵکوژکردن و لەناوبردنی هەزاران ئازادیخواز بەکارهێناوە و دەیان هەزار کەسایەتی سیاسی و هونەری و چالاکوانى زیتدانى کردووە.

کارا محەمەد
کارا محەمەد

هەروەها، کارا محەمەد، کە هاوڵاتییەکی شارۆچکەی سەیدسادقە باسی لەوەکرد، ئەوەی لەمێژوودا ئەردۆغان بەکوردی کردووە، دوژمنی هیچ نەتەوەیەک لەدنیادا وەک ئەم دڕندەییەی ئەردۆغانی نەکردووە، لەبەر ئەوە ئێمە نەفرەتێکی قوڵمان هەیە دژی ئەردۆغان، هەر پشتگیرییەک لە فاشیستێکی وەکو ئەردۆغان دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ئیدی گەر سەرۆکی هەرێم، یان پارتە سیاسییەکان یاخود ئیسلامییە ئیخوانییەکان بێت.

کارا محەمەد وتیشی: سەرۆکی هەرێم لەژێر هەرناوێکدا، کە دەچێتە تورکیا بۆ پیرۆزبایی لە ئەردۆغان، خیانەتکارێکی بێ ڕێزە، هیوادارم گەلی باشووری کوردستان بە هۆش خۆیان بێنەوە، گەریلا و شەرڤان و پێشمەرگە خوێن بۆ کوردستان دەبەخشن و داگیرکاری لە لوتکەدایە، گۆڕانکاریی سەدەیە و دەستپێکێکی نوێیە، پێویستە هۆشیاربین، لەئاستێکدا بەڵێن، بەخۆمان بدەین تاکەی ژێردەستەیی، هەرکەس قبوڵی بکات و بە شان و باڵی داگیرکەرەکەیدا هەڵبدات و وەکو ڕابەری خۆی سەیری بکات، لەچوارچێوەی دۆڕاو و فاشیلدا دەبینرێت.

ئ.م

Comments are closed.