دەنگۆی ڕادەستکردنى بەرپرسێکی پەکەکە لەلایەن سویدەوە بە تورکیا ڕەتدەکرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ هەواڵی بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەندامێکی پەکەکە لە لایەن سویدەوە بە تورکیا بڵاوبووە، بەڵام ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری نەجەدەکە – سوید، ئەو هەواڵە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسە دوور و نزیک پەیوەندییەکی ڕێکخستنی بە تەڤگەری ئازادیی کوردەوە نییە.

هەواڵی ڕادەستکردنەوەی کادیرێکی باڵای پەکەکە لە لایەن دادگای سویدەوە بە دەوڵەتی تورک، لەچەند میدیا ناوخۆیی و بیانی بڵاوکرایەوە، بەڵام وتەبێژی پەیوەندییەکانی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە سوید، سەرجەم ئەو زانیاریانەی ڕەتکردەوە کە دەربارەی نزیکی ئەو کەسە بە تەڤگەری ڕزگاریخوازی کورد و هەبوونی دۆسییەکی سیاسی بڵاوکراوەتەوە و وتی، ڕاستە ئەو کەسێکی کوردە، بەڵام پەیوەندییەکی لەگەڵ ڕێکخستن و تەڤگەردا نییە.

ئەمڕۆ ڕیدڤان ئاڵتون، وتەبێژی پەیوەندییەکانی ناوەندی چڤاکی دیموکراتیکی کوردانی سوید- نەجەدەکە، تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەو کەسەی کە دادگا بڕیاریداوە ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە، لە سەر داواکاری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئەدەنە لە ڕێگەی ئینتەرپۆڵەوە دەستگیر کراوە و دۆسییەکەی؛ دۆسییەکی تاوانکاریی بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکانە، ڕەنگە بۆ خۆ دەربازکردن لە سزا و گەڕاندنەوەی بۆ تورکیا بانگەشەیەکی لەو شێوەیەی کرد بێت، چوونکە لە نێو تێکۆشەراندا بازرگانی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان قبوڵکراو نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە ئەو کەسێکی کوردە، بەڵام نە ئێستا و نە لە ڕابردووشدا لە ڕیزەکانی خەباتی تەڤگەردا جێگەی نەگرتووە و دۆسییەکەی سیاسیی نییە، جەختی کردەوە  هەر کەسێک تاوانێکی لەو شێوەیە ئەنجامبدات، ئەوا لە حکومەتی سوید و دەوڵەتی تورکیش توندتر مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

لای خۆشییەوە عەبدولرەحمان کارابلوت، پارێزەری دۆسییەی ئەو کەسە ٣٤ ساڵە، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠١٤ بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان لەلایەن دادگای تورکیاوە سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، پاشان بەرەو سوید هەڵهاتووە، بەڵام هیچ دۆسییەکی سیاسی دەربارەی ئەندامێتی یان لایەنگرێتی ڕێکخستنی نییە.

ئەم هەواڵە کە لە میدیاکانی سوید و ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستانیشدا بووە ڕۆژەڤ و وەک کادرێکی باڵای پەکەکە ناویان برد، بەڵام بەپێی ئەو زانیارانییانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە کوردانی سوید وەریگرتووە، تاکو ئێستا هیچ کەسێک بە دۆسییەی سیاسی و لایەنگری و ئەندامێتی پەکەکە لە سویدەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک نەکراوەتەوە و ئەوەی هەیە سەرجەمیان کەسی تاوانکاری و مێژووی تاوانیان هەبووە.

ش. ئـ

Comments are closed.