دژى لە سێدارەدانی گەنجانى کورد لەلایەن ئێرانەوە لە کۆبانێ رێپێوان بەڕێوەچوو

ناوەندى هەواڵەکان

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات لە دژی لە سێدارەدانی چوار گەنجی کوردى رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەرى تورک بۆ سەر هەڕێمەکانی پاراستنی مەدیا، رژانە گۆڕەپانەکان و رێپێوانیان ئەنجامدا.

چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فەتاحی دوای ١٩ مانگ دەستبەسەری رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئێرانەوە لە سێدارەدران.

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەرى تورک و لە سێدارەدانی چوار گەنجی کوردى رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات رژانە گۆڕەپانەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی ئاشتی بەردەوام بوو تێیدا بەردەوام دروشمەکانی “بژی بەرخودانی گەریلا” و “بەرخودان ژیانە” وترانەوە.

دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە گۆڕەپانی ئاشتی، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی ئازادی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.

پاشان هاوسەرۆکی دەستەی ژینگەی کانتۆنی فورات عارف بالی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، چی دەبێت با ببێت، کەس ناتوانێت ئیرادەی ئازاد بشکێنێت.

 بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ و شەڕڤانانی ئازادیی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان، تێکۆشانی درێژخایەن دەستیپێکردووە.

 وتیشى، لە ئەنجامی پەیمانی شوومی لۆزاندا کوردستان دابەش بوو. ئەم رێپێوان و گەشتەی ئازادی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە لە سایەی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی کوردستان کە کۆمەڵگەی کوردیان سەرلەنوێ وشیارکردەوە، خراوەتەڕێ.

لە کۆتایدا باسى لەوەکرد، بە سەدان ساڵە گەلی کورد لە بەرامبەر داگیرکەران خۆڕاگری دەکات و لەئێستاش بەدواوە، نە ئێران و نە تورکیا ناتوانن کۆتایی بەم شۆڕشە بهێنن.

ئ.م

Comments are closed.