شارەزایەکی دارایی “فێڵ و تەڵەکەکان”ی پڕۆژەی هەژماری من ئاشکرا دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

شارەزایەکى بواریی دارایی و بانکی چەند مەرج و خاڵێکی پڕۆژەی “هەژماری من” کە وەکو تەڵە بۆ مووچەخۆران دانراون ئاشکرا دەکات و دەڵێت: بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن، ناهێڵن مەرجەکانی گرێبەستە ئەلکترونییەکە وێنەبگری، وێنەی گرێبەسته ئەلكترۆنیەكەت پێنادەنەوە.

گوڵاڵە سدیق شارەزای بواری دارایی و بانک لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسینێکی لەسەر پڕۆژەی”هەژماری من” بڵاوکردوەتەوە.

لە نووسینەکەدا گوڵاڵە سدیق دەڵێت: بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكیەكەی هەژماری من، لە بانكەکە گرێبەستێکی ئەلکترونی بۆ موچەخۆرەکە واژۆ دەکەن کە بەشێك لە مادە و بڕگەكانی جێگای هەڵوەستەیە.

گوڵاڵە سدیق بەمجۆرە ڕوونیدەکاتەوە کە چی بەسەر فەرمانبەردا دەسەپێندرێت: بە واژۆكردنی ئەم گرێبەستە پابەندم لەهیچ بانكێكی تر هەژماری بانکی نەكەمەوە، بانكم كردە وەكیلی خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆ من) هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێدەكات دەفعیان بكات و لە موچەكەم بیهێنێتە خوارەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لە گرێبەستەکەدا ئەوەش باسکراوە، بانك هەركاتێك بیەوێت (بەڕەهایی، هەر لەڕاستیدا ووشەی ڕەهاییان بەكارهێناوە) دەتوانێت عمولەی موچەكەم بگۆڕیت بۆ هەرچەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆ من نەكات.

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری و دارایی دەڵێت: كۆمەڵێك شتی سەیرتر لە مەرجەكاندا هەیە، تەلەفۆنت بۆ دەكرێت دەڵێن وەرە كارت وەربگرەوە و باسی گرێبەستە ئەلکترونییەکە ناكرێت، دوای ئەوەی واژۆی ئەلكترۆنیت پێدەكرێت ئینجا ڕایدەگەیەنن كە ئەمە گرێبەستێکە واژۆت كردوە.

هەروەها بەشێک لە مەرجەکانى تر باس لەوە دەکات کە، بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن، ناهێڵن مەرجەکانی گرێبەستە ئەلکترونییەکە وێنەبگری، وێنەی گرێبەسته ئەلكترۆنیەكەت پێنادەنەوە.

پڕۆژەى هەژماری من پڕۆژەیەکى مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتى ماوە بەسەرچووی هەرێمەو بەزۆر بەسەر مووچەخۆراندا دەیسەپێنن، ئەو پڕۆژەیە لە لایەن مووچەخۆرانى هەرێم و حکومەتى فیدراڵی عێراقیشەوە ڕەتدەکرێتەوە و پێی ڕازی نین.

هـ.ح

Comments are closed.