گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا پشتگیریی عەفرین دەکات

دووشەممە, 19 فبر 2018 – 10:07 

رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بەڕێوبەری گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا (Unite the Union) دەڵێت، کە پشتگیریی عەفرین دەکەن لە بەرامبەر داگیرکاریدا.

سیمۆن دووبینز، بەڕێوبەری گەورەترین سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا لە بارەی هێرشی حکومەتی تورک بۆ سەر کانتۆنی عەفرین قسەی بۆ رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا کرد و هەڵوێستی پیشان دا.

سەندیکای (Unite the Union)، گەورەترین سەندیکای بەریتانیایە کە زیاتر لە ١.٥ ملیۆن ئەندامی هەیە، بەڕێوبەری ئەو سەندیکایە وتی: ئەگەر ئێمە دانیشین و سەیربکەین، دەبینە بەشدار لەو تاوانەدا، هەمیشە هەوڵمان وابووە کە پشتگیریی خوشک و برایانی کوردمان بکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشی دا وتی: قێزەونترین خاڵی ئەو هێرشە ئەوەیە کە کراوەتە سەر بەئاسایشترین ناوچەی سوریا، ئەویش بۆ سەر سیستمێک کە تێیدا هەمووان بە یەکسانی دەژین، هێرشەکە زۆر ناشیرینە، بەڵام ناشیرین تر دێتە بەر چاو کاتێک دەزانین کە ئەندامە پێشووەکانی داعش و نوسرە لەو هێرشەدا بەشدارن.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، کە نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کردووە و داوای هەڵوێستییان لێکردووە لە بارەی عەفرینەوە، لە بەرامبەر هێرشێکی وەها دڕندانەدا دەبێت حکومەتی بەریتانیا تورکیا بوەستێنێت.

لە کۆتاییشدا باسی لە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کردو وتی: ئۆجالان زیندانییەکی سیاسییە، گۆشەگیرکردنی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان لە چوارچێوەی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالاندا.

س.ح

Leave A Reply