فراوانبوونی شەڕی غەزە ململانێكانی ناوچەكە زیاتر دەكات

بەغدا- وسام زەهرونی

لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، ناوچەكە چووەتە دۆخێكی شڵەژانی ئەمنییەوە، چونكە شەڕەكە بە خێرایی فراوانتر بوو، بەشێك لە هۆكارەكانی فراوانبوونی ئەم هێرشە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بووە، لە وڵاتانی عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان.

گرووپە چەكدارەكانی عێراق هێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگای هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، كە لە ئەو هێرشانەدا كوژرا و بریندارى لێكەوتەوە، ئەمەش وایكرد ئەمریكا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە، بۆیە چەند بنكە و بارەگا و سەركردەیەكی گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق كردە ئامانج، لە كۆتایشدا دۆخی عێراق  ئاڵۆزتر بووە.

یەمەنیش ڕۆڵێكی دیكەی گێڕا لە فراوانبوونی شەڕی غەزە، لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ئەو كەشتییانەی بەرە و ئیسرا‌ویل دەڕۆن لە دەریای سوور، هەروەها هەندێك كەشتی بازرگانی دیكەیان بۆردومان كردووە، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی هاتوچۆی كەشتیوانی لە دەریای سوور، لە بەرامبەردا ئەمریكا و بەریتانیا بۆردومانی چڕی یەمەنیان كرد.

عەلی فەزڵوڵا شارەزا لە كاروباری ئەمنی و سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پەیوەندی بەهێز لە نێوان هەموو گرووپە چەكدارەكانی عێراق و ناوچەكەدا هەیە، هەروەها هاتنە ناوەوەی عێراق و سووریا و یەمەن بۆ ناو شەڕی غەزە شتێكی زۆر سروشتییە، چونكە ئەم گرووپانە لە شەڕی دژی ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەكییان هەبوو، هەروەها ڕۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە كەمكردنەوەی پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل، كە كۆمەڵكوژی دژی خەڵكی غەزە ئەنجام دەدات.

عەلی فەزڵوڵا

ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپەراسیۆنی گرووپەكانی مەقاومە لەگەڵ درێژ بوونەوەی شەڕی ئیسرائیل دژ بە غەزە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە، ئەو گرووپانە لە ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوانیان درووست دەكەن، بە تایبەت لەوكاتەوە ئامانجی ئەم گرووپانە یەكە و دوژمنیش یەكە.

جێگەی سەرنجە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی ترسیان لە فراوانبوونی ململانێكان لە ناوچەكەدا هەبووە، بەتایبەتی بە هاتنە ناوەوەی حزبوڵا لە لوبنان و حووسییەكان لە یەمەن بۆ ناو هێڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و حەماس.

عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ڕووداوەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی ڕووداوە ئەمنییەكان پەیوەستن بە هەموو وڵاتانی ناوچەكەوە، بینیمان ئەوەی لە غەزە ڕوویدا كاردانەوەی لە عێراق، یەمەن، سووریا و باقی وڵاتان درووست كرد.

عامر فایز

ڕوونیكردەوە، عێراق و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە لە سەرەتای شەڕی غەزەوە كاریان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكرد، چونكە ئەو شەڕەی غەزە كاریگەری لە سەر ئابووری جیهانیش هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش عێراق هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەی دا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامبوونی شەڕی غەزە بە واتای فراوانكردنی بازنەی شەڕ و ململانێ دێت، چونكە گرژیی ئەمنی لە عێراق و یەمەن و سووریا و هەموو ناوچەكە زیاد دەكات، ئەمەش هەڕەشە بۆ سەر هەموو وڵاتان و جیهان درووست دەكات، نەك تەنها ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بەرامبەر گرژییەكانی دەریای سووردا، هەندێك كۆمپانیای كەشتیوانی ڕێنمایی كەشتیەكانیان كردووە لە بری ئەوە دەریای باشووری ئەفریقادا بڕۆن، كە ڕێگایەكی دوورە و كەشتییەكانی لە كاتی خۆیاندا ناگەن، ئەمەش كاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستییەكان درووست دەكات.

هـ.ئ

Comments are closed.