بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی ڕەشەوە پڕۆژەی ئاوی کۆیە وەستێنرا

ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا تانکەرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە نەوتی ڕەش تێکەڵ بە ئاوی زێی بچووک بوو، کە سەرچاوەی ئاوی کۆیەیە، لەبەرئەوەش ئەمڕۆش هەردوو پڕۆژەی ئاوی ( بۆگد – کۆیە) و (تەق تەق – کۆیە) وەستێنرا.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە، لەبارەی وەستاندنی هەردوو پڕۆژەی ئاوی ( بۆگد – کۆیە) و (تەق تەق – کۆیە)، بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی ڕەش لەگەڵ ئاوی زێی بچووک، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە:

“هەردوو پڕۆژەی ئاوی( بۆگد – کۆیە) و(تەق تەق – کۆیە) بە ناچاری وەستێنرا.”

بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و بەهۆی تێکەڵبوون نەوتی ڕەش لەگەڵ ئاوی زێی بچووک (دووکان) بەهۆی ئەو ڕووداوە هاتووچۆیەی کە دوێنێ لە شارۆچکەی دوکان ڕوویدا و بەهۆی وەرگەڕانی تانکەری گواستنەوەی نەوتی ڕەش، بەشێک لەو نەوتە ڕەشە تێکەڵی ئاوی زێی بچوک بووە.”

“ئاوی زێی بچووک (دوکان) سەرچاوەی وەرگرتن و دابینکردنی ئاوە  بۆ شارۆچکەی کۆیە و بەشێک لە گوندەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە، بۆیە لە کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ـی ٣ـی ٢٠٢٤، هەردوو پڕۆژەی ئاوی ( بۆگد – کۆیە) و (تەق تەق – کۆیە) وەستێنرا و لە ئێستادا دابەش کردنی ئاو لە سەنتەری شارۆچکەی کۆیە و بەشێک لە گوندەکانی وەستێنراوە.”

“چاوەڕوانی پاک بوونەوەی ئاوی زێی بچووکین و هەر کاتێک ئاوی زێی بچووک پاک بوووەوە دەست دەکرێتەوە بە دابەش کردنی ئاو، بۆیە داواکارین لە هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەو ماوەیە بە هۆشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن هاوکارمان بن.”

ب.گ

Comments are closed.