بەفر و شاخەکانی باڵەکایەتی بووەتە شوێنێکی گرنگی وەرزشی یاری سکـی

باڵەكایەتی

بەهۆی بوونی بەفر لە چوار وەرزی ساڵدا ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باڵەکایەتی بووەتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ یاری وەرزشی سەر بەفر کە بە یاری “سکی”ـی ناسراوە، وەرزشکارانی یاریەکەش دەڵێن: پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پەرە بەو یارییە بدەن، چونکە ئەگەر پاڵپشتی بكرێین، دەتوانین لە ئۆڵۆمپیاد و فێستیڤاڵی گەورە لەدەرەوە بەناوی وڵاتەكەمانەوە بەشداریی بكەین.

باڵەكایەتی یەكێكە لەو شوێنانەی  لە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی یاری سكی و ڕاهێنان بۆ ئەم یارییە، بۆیە ساڵانە وێرای ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی گەورەی تایبەت بە بەفر و یارییە سەركێشییەكان گرووپێك لە شاخەوان و یاریزانانی یاری سكی بە ردەوام لە سێ وەرزی پایز و زستان و بەهار ئەم یارییە دەكەن.

ئەگەرچی کەسانێک هەن ئەو یارییە لە باڵەکایەتى دەکەن، تا ئێستا نەتوانراوە پەرە بەو یارییە بدرێت كە ساڵانە لە وڵاتان بەهۆی هەبوونی بەفر ئۆڵۆمپیاد و ڤیستیڤاڵی گەورە ئەنجام دەدرێن، وەك یاریزانان و ئارەزوو مەندانی ئەو یارییە دەڵێن: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە تەنیا ئێمە لەسەر ئەرك و توانای خۆمان كردوومانە بێ هیچ پاڵپشتییەكی هیچ لایەك و هیوادارین خزمەت بەو یارییە بكرێت بە كەلتورێك بۆ ئەوەی لە هەموو ئەو شوێنانەی بەفری لێیە ئەم یارییە ئەنجام بدرێت.

بەختیار بەهجەت ی
بەختیار بەهجەت ی

بەختیار بەهجەت یەكێك لە یاریزانانی سكی دەڵێت: هەر لە وەرزی بەفر بارین تاكۆتایی ناوەڕاستی مانگی ئایار لەم ناوچەیە دەتوانرێت یاری سكی بكەین، چونكە ناوچەیەكی گونجاو و لەبارە بۆ ئەم یارییە، چونکە بەفر بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە، ئەوەش وای كردووە لە زۆرترین كاتدا یاریزانان و ئارەزوومەندانی یاری سكی ڕاهێنان و یاریەكە بكەن، بۆیە هەفتەی دوو ڕۆژ دێین بۆ چیای حەساری سەكران و چیایی هەڵگورد بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان.

ئەو وەرزشکارە ئاماژەى بەوەش کرد، ئەنجامدانی ڕاهێنان و نمایشی یاری سكی لە چوار وەرز سێ وەرزی پایز و زستان و بەهار دەتوانرێت یاری تێدا بكرێت، وە لە دەوروبەری گۆمی بێ كۆدیان بەهۆی مانەوەی بەشێكی زۆری بەفر ئەتوانرێت لە وەزری هاوینیش ئەم یارییە ئەنجامدرێت.

بە وتەى ئەو وەرزشکارە، ساڵانە پێشوازی لە چەندین یاریزان و شاخەوانی بیانیش دەكەن كە دێنە ناوچە بۆ ئەنجامدانی یاریەكە و هەمیشەش باسی گرنگی ناوچەكە دەكەن كە چیای هەڵگۆرد و حەساری سەكران باشترین وشوێنن بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە.

ڕۆژ كامەران
ڕۆژ كامەران

ڕۆژ كامەران یەكێكی تر لە یاریزانان كە ماوەیەكی كەم دەستی بە یاریەكە كردووە و لە پێشبڕكێی نێوان یاریزانانی ناوخۆیی و بیانی پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە دەڵێت: یاری سكی و یارییەكانی سەر بەفر تادێت ئارەزوومەندی زیاتر و زۆرتری پەیدا دەبێت و ڕۆژانە لە كاتی جیاوازدا دێ، بۆ ئەو شوێنانەی بەفری گونجاو و باشی لێیە بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییەو ئێستا توانراوە ژمارەیەك یاریزانی باش و بەتوانا لە سنوورەكەمان درووستبن خۆم ماوەی چوار ساڵە ئەم یارییە دەكەم وتوانیم ئەمساڵ لەكۆی ٧٠ یاریزانی ناوەخۆیی و بیانی پلەی یەكەم بەدەست بێنم كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گونجاوی شوێنەكە بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە.

وتیشی: پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەو یارییە بدەن بەتایبەت لەو ناوچەیە، چونكە ئێستا بەهارەو لە كەم شوێن بەفری گونجاو ماوە بۆ یارەكە بەڵام لێرە دەتوانرێت تا نزیكی مانگی شەش یارییەكە بكرێت و ڕاهێنان و نمایشی لەسەر بكرێـت، بۆیە ئەگەر پاڵپشتی بكرێن، ئەتوانین لە ئۆڵۆمپیاد و فێستیڤاڵی گەورەی شوێنان بەناوی وڵاتەكەمانەوە بەشداریی بكەین و دڵنیاین سەردەكەوین.

یاری سكی یاخود خلیسكانێی سەر بەفر یەكێكە لەو یاریانەی كە لە هەرێمی كوردستان مێژوێكی نوێی هەیە و ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەك یاریزان و ئارەزوومەندی كەمدەستیان داوەتە ئەم یاریە، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی نەكردنی لە لایەن حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار نەتوانرە ئەم یاریە ببێت بە كەلتورو وەك هەر یەك لە یاریەكانی تر لەو ناوچانە ئەنجامدرێت كە بەفری لێ دەبارێـت بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە.

 

 

هـ.ح

Comments are closed.