ناوەندی هەواڵەکان
لەبارەی ڕۆڵ و ئەرکی گەنجان لەپێناو بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، بە درووشمی “بە گەنجی دەستمان پێ کرد و بە گەنجیش سەردەکەوین.” گەنجان و ژنانی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنفڕانسێکیان ئەنجام دا
بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا، کۆنفرانسێکیان لەبارەی ڕۆڵ و ئەرکی گەنجان لەپێناو بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، لە هۆڵی ستارلایت لە ناوچەی شقێفی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب ئەنجامدا، بە درووشمی “بە گەنجی دەستمان پێ کرد و بە گەنجیش سەردەکەوین.”
لە کۆنفڕانسەکەدا ئەندامانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان بەشدارییان کرد.
سەرەتا ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ گەنجان لە کۆنفڕانسەکەدا لەلایەن بهارین عەفرین ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج خوێندرایەوە، پاشان بەڵگەفیلمێک لە ڕێگای داتاشۆوە لەسەر تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە نیشاندرا.
ئاخین ڕەشۆ ئەندامی هیلالی زێڕینی کەلتوور و هونەری ژنان، لەبارەی گرنگی خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەر ئۆجالان و ناسینی فکری ئەو و پێشخستنی پەروەردەی فکری قسەی کرد و وتی: دەبێت گەنجان نەبنە گەمەی دەست شەڕی تایبەت و لەبەرامبەردا تێکۆشان بەهێز بکەن.
هەروەها شوکری عەلۆ ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا وتی: ئێمە لە سایەی ڕێبەر ئۆجالانەوە گەیشتووینەتە ئەم ئاستە و تێکۆشانمان ئیلهام لە بەرخۆدانی ئەوەوە وەردەگرێت.
لە کۆتاییشدا ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە لەلایەن ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی گەنجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێڤا بەکرەوە خوێندرایەوە و تێیدا جەخت لە خۆپەروەردەکردنی لاوان کرایەوە لەسەر بنەمای فکری ڕێبەر ئۆجالان و فراوانکردنی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.
کۆنفڕانسەکە بە درووشمی “بێ سەرۆک ژیان نابێ” کۆتایی هات.
ب.گ
Comments are closed.