پۆلیسی هەڵەبجە زانیاری نوێ‌ لەسەر دۆزینەوەی تەرمەکەی ئەحمەدئاوا دەخاتەڕوو

ناوەندی هەواڵەکان

پۆلیسی هەڵەبجە لەسەر دۆزینەوەی تەرمێك لەناو ئاوی ئەحمەدئاوا زانیاری نوێ‌ دەخاتەڕوو، داوا لەهاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، هەركەسێكیان لێ‌ ونبووە بە هەر هۆكارێك، سەردانی پزیشكی دادی هەڵەبجە بكەن بۆ ناسینەوەی تەرمەکە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاوی ئەحمەدئاوای سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، تەرمێكی نەناسراو بەخنكاوی دۆزرایەوە، پۆلیسی هەڵەبجەش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا زانیاری نوێ لەسەر ڕووداوەكە دەخاتەڕوو.

بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ كاتژمێر ٣:٣٠ خولەك هاوڵاتییەك ئاگاداری كردینەوە لە بوونی تەرمێك لەناو ئاوی ئەحمەدئاوا لە نزیك شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، تیمی بەڵگەی تاوان توانییان تەرمەكە لە ئاوەكەدا دەربهێننەوە، بەڵام ئەو كەسە لای خەڵكی هەڵەبجەو ناوچەكە نەناسراوە، تەمەنی لەنێوان ٣٥ بۆ ٤٥ ساڵە، ڕیشی هەیە و تاتۆیەک لەسەر باڵی هەیە نووسراوە “ڕۆژ.”

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتیشی: داوا لەهاوڵاتییانی كوردستان و ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكەین، هەركەسێك كەسێكی لێ‌ ونبووە بە هەر هۆکاریک کە هاتووە بۆ سنوورەكە داوای لێدەكەین سەردانی پزیشكی دادی هەڵەبجە بكات، بۆ ناسینەوە یان بردنەوەی تەرمەكەی، لە ئێستاشدا دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی خورماڵەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، كەس نەهاتووە سەردانی پزیشكی دادی هەڵەبجە بكات بۆ ناسینەوە و بردنەوەی تەرمەكەی، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش كەسەكە خنكاوە لە ئاوەكەدا هیچ بەڵگەو ناسنامەیەكی پێنەبوسە، ڕووت و قوت بوسە تەنها شۆرتێكی لەبەردابووە، هیچ ئاسەوارێكی چەقۆ و فیشەك لەسەر جەستەی كەسەكە بوونی نیە.

ب.گ

Comments are closed.